نۆ پەرلەمانتاری كورد لە بەغداد هۆشداریی دەدەن لە دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

31-03-2020 09:32


پەرەگراف

9 پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی عێراق هۆشداریی بە حكومەتی هەرێم دەدەن كە نابێت دەستكاریی مووچەی فەرمانبەران بكات‌و دەڵێن: ئەگەر دەستكاری مووچە و قوتی فەرمانبەران بكرێت، ئێمە بە هەموو شێوەیەك دژی هەنگاوێكی لەوشێوەیەی حكومەتی هەرێم دەوەستینەوە.

"بۆ پاراستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەسكاریكردن و كەمكردنەوە هەموو هەوڵێكی پەرلەمانی و یاسایی و مەدەنی و دبلۆماسی دەگرینەبەر" ئەو پەرلەمانتارانە لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ڕایگشتی وادەڵێن.

روونكردنەوەیەك بۆ ڕایگشتی

لەكاتێكدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایروسی كۆرۆناوە، تەواوی حكومەتەكانی دنیا رێوشوێنی خۆپارێزیان گرتۆتە بەر و هەوڵدەدەن كاریگەریە تەندروستی و كۆمەلایەتی و ئابوریەكانی لەسەر شانی كۆمەڵگەكانیان سوك بكەن و مەترسیەكانی لە خەڵك بەدور بگرن.

لەم ساتەوەختە مێژوییە هەستیارەدا، خەڵكی عێراق هەست بە دڵەڕاوكێیەكی زۆر دەكەن بەهۆی ئەوەی زیاد لەقەیرانێك رووبەڕوویان بۆتەوە، لەوانە قەیرانی سیاسی و حوكمڕانی كە خۆی لە پێكنەهێنان و رێكنەكەوتن لەسەر كابینەیەكی نوێی حكومەتی فیدڕاڵدا دەبینێتەوە و هاوزەمان قەیرانی دارایی و ئابووریش بۆتە هەڕەشە و جگە لە لاوازی سیستمی تەندروستیی كە دەمێكە داوای گۆرینی بنەرەتی دەكرێت تیایدا.

هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە هاوكێشەی ئەو ناوچە پڕئاڵۆزە، لەجیاتی ئەوەی سەركردە و بكەرە سیاسیە سەرەكیەكانی كاری شەو و ڕۆژیان هاوشانی گەڕان بەدوای دەرچەیەكدا بۆ ڕزگاربوون لەو ڤایروسە و پاراستنی هاووڵاتیان، لەهەوڵی ئەوەدابن لێكەوتە نەرێنییەكانی قەدەغەی هاتوچۆ و وەستانی كار و كاسبی و بازاڕ، بەسەر هاووڵاتییانی هەژار و كەمدەرامەت كەمبكەنەوە، كەچی زۆرینەی كۆبونەوەكانیان تەرخانكردووە بۆ زیادكردن و فراوانكردنی كاریگەرییە نەرێنیەكانی ئەو دۆخە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان بەگشتی بە مووچەخۆر و خەڵكی كاسبەوە.

دیارترین هۆكار بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێی خەڵك لە هەرێمی كوردستان پرسی كەمكردنەوەی مووچە و دەرەماڵەی فەرمانبەرانە ئەمەش بە لێدوانی زۆر و جیا و دژیەك لەلایەن بەرپرسانی حكومەتەوە.

ئەم دەستەپاچەبونەی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە لە زۆرێك لە وڵاتاندا حكومەتەكان پارە تەرخاندەكەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە و لێكەوتەكانی و قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی بەهۆی كەرەنتینەكردنیانەوە دووچاری بێدەرامەتی بوون و سەبەتەی خۆراكیان بۆ دەنێرێتە ماڵەكانیان و مووچەی تایبەتیان بۆ دەبڕنەوە.

بەرپرسانی هەرێم بەهۆی لێنەوەشاوەییان لەئیدارەدانی هەرێمێكی (٥) ملیۆن كەسی، وە بەهۆی ئەو كەموكوڕییە كەڵەكەبوانەی ساڵانی حوكمڕانیان تائێستا نەیانتوانیوە پلانێكی گونجاو لەبەرژەوەندی خەڵكی كورستان بە تایبەت لە سەر ئاستی ئابوری بخەنە ڕوو.

لەبەرامبەر نەبونی ئەو پلانەدا لەسەر زاری بەرپرسە باڵاكانی حكومەت و پەرلەمانی هەرێمەوە ئاماژە بەوەدەكرێت جارێكی تر دەسكاری موچەی فەرمانبەران بكەن لەكاتێكدا مانگانە پشكی هەرێم لە بەغداوە دەنێردرێ.

ئەو پارەیەی كەلە بەغداوە دەنێردرێت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەرخانكراوە و لە یاسای بودجەشدا بەو ناوەوە جێگیركراوە و بەهیچ شێوەیەك و لە ژێر هیچ پاساوێكدا حكومەتی هەرێم بۆی نیە دەستببات بۆ كەمكردنەوەی موچە یا بەكارهینانی لە كایەی تردا.

حكومەتی هەرێم كە حەوت ساڵە نەیتوانیوە یاسای بودجەی هەبێت بۆ بە یاساییكردنی داهات و خەرجیەكانی ئیستا ناتوانێت هەركاتێك مەبەستی بو بێ هیچ چوارچیوەیەكی یاسایی دەسكاری موچە و قوتی خەڵك بكا.

لە هەمو سیستمە سیاسیەكان بە سیستمە نادیموكراسیەكانیشەوە موچەی فەرمانبەر جۆرێك لە پارێزبەندی هەیە و بەیاسا نەبێت دەسكاری ناكرێ پێچەوانەی هەرێمی كوردستان كە لە رابردودا بینیمان لەلایەن حكومەتەوە بێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان دەسكاریكرا و سیستمی پاشەكەوتی زۆرەملێ بەسەر موچەی فەرمانبەراندا سەپێنرا.

لێرەوە هۆشداری دەدەین ئەگەر دەستكاری مووچە و قوتی فەرمانبەران بكرێت، ئێمە ئەو پەرلەمانتارانەی لە خوارەوە واژۆمان كردوە بە هەموو شێوەیەك دژی هەنگاوێكی لەوشێوەیەی حكومەتی هەرێم دەوەستینەوە.

ئێمە بۆ پاراستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەسكاریكردن و كەمكردنەوە هەموو هەوڵێكی پەرلەمانی و یاسایی و مەدەنی و دبلۆماسی دەگرینەبەر.

۱.ئەحمەدی حاجی رەشید
۲.غالب محەمەد علی
۳.سەركەوت شەمسەدین
٤.رێبوار كەریم مەحمود
٥.كاوە محەمەد
٦.رابون مەعروف
۷.موسەنا ئەمین نادر
۸.سروە ونس عومەر
۹.هۆشیار عەبدوڵا