ئەردۆغان هەڕەشەی سڕکردنی بەئەندامبوونی سویدو فینلەندا لە ناتۆ دەکات

18-07-2022 07:31

پەرەگراف

ئەردۆغان هەڕەشەی سڕکردنی پڕۆسەی بەئەندامبوونی سویدو فینلەندا لە ناتۆ دەکات ئەگەر مەرجەکانی جێبەجێنەکرێن کە دیارترینیان پەیوەندیی بە دژایەتی کوردەوە هەیە.

سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەمە‌وێت به‌بیری بهێنمەوە‌، ئه‌گه‌ر سویدو فینلەندا له‌پێناو جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كاندا هه‌نگاوی پێویست نه‌نێن، پڕۆسەی بەئەندامبوونەکە ڕادەگرین".

ئه‌ردۆغان وتیشی، ئه‌وەی‌ دەیبینن سوید دیمه‌نێكی باشی پیشان نه‌داوە، "توركیا هه‌ڵوێستی زۆر ڕوونه‌و ئه‌وه‌ی دیکەی خۆیان ده‌یزانن".

مەرجەکانی تورکیا کە بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا سەپاندوویەتی لە بەرامبەر ڕازیبوون بەوەی ببنە ئەندامی ناتۆ، دیارترینیان پەیوەستن بە دژایەتیی پەکەکەو ڕۆژئاوای کوردستان و، لە یەکەم هەنگاودا تورکیا داوای ڕادەستکردنەوەی چەندین کەسی سەربە پەکەکە لەو دوو وڵاتە دەکات.

لە ڕێککەوتنی نێوان تورکیاو سویدو فینلەندا کە وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات واژۆیان کردووە، ئەوە هاتووە کە هەرسێ وڵات دووپاتی دەکەنەوە کە "په‌كه‌كه‌ تیرۆریسته"، هەروەها سوید و فینله‌ندا به‌ڵێندەدەن کە هیچ پشتیوانی و پاڵپشتییه‌كه‌ی په‌یه‌دەو یه‌په‌گه‌ نه‌كه‌ن لە ڕۆژئاوای کوردستان.

خاڵێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە چالاکییەکانی پەکەکە لە سویدو فینلەنداو ئەوە خراوەتەڕوو، پۆلیسی سویدو فینلەندا هه‌موو چالاكییه‌كی په‌كه‌كه‌ له وڵاتەکانیان قه‌ده‌غه ‌بكەن و هه‌موو لقه‌كانی پەکەکە دابخەن.

لە یەکەم هەنگاوی دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا، بەکر بۆزداغ وەزیری دادی تورکیا داوای ڕادەستکردنی ٣٣ ئەندامی ئەو ڕێکخراوانەی لە سویدو فینلەندا کرد کە تورکیا بە "تیرۆریست" ناویان دەبات.

ئەو ٣٣ کەسەی تورکیا داوایان دەکات، لە فینلەندا ٦یان پەکەکەن و ٦ی دیکەیان سەربە بزووتنەوەی فەتحوڵا گولەنن، لە سویدیش ١٠یان سەربە گولەن و ١١یان سەربە پەکەکەن.