سەدر: بە هیچ جۆرێك ناكرێت مالیكی بگەڕێتەوە

18-07-2022 05:22

پەرەگراف

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، وەڵامی توندی تۆمارە دەنگییەكەی مالیكیی دایەوە و ڕایدەگەیەنێت "بە هیچ جۆرێك ناكرێت مالیكی بگەڕێتەوە و سەركردایەتیی عێراق بكات و وڵاتەكە وێران بكات". سەدر هۆشداریش دەدات و داوا دەكات "ئەم فیتنەیە بكوژێنرێتەوە".

موقتەدا سەدر لەبارەی تۆمارە دەنگییەكانەوە لە تویتێكی نوێدا دەڵێت "سەیرە هەڕەشە لەلایەن حیزبی دەعوە و گەورەكەیانەوە (مالیكی)یەوە دێت كە لەسەر ئالی سەدر ئەژمار دەكرێن و داوای هێزی مەزهەب دەكەن".

سەدر داوای كردووە "لە ڕێگەی ئیدانەكردنێكی هاوبەشی لایەنە هاوپەیمانەكانی مالیكی و گەورەپیاوانی عەشیرەتەكەیەوە، ئەم فیتنەیە بكوژێندرێتەوە".

"ئامۆژگاریی مالیكی دەكەم واز لە كاری سیاسی بهێنیت و لەگەڵ ئەو گەندەڵانەی تر كە لەگەڵیدان، خۆی ڕادەستی دادگا بكات"، ڕێبەری ڕەوتی سەدر وا دەڵێت.