ئێران دەڵێت سەرکردەی گەورەترین باندی بەقاچاخبردنی کچانی لەشفرۆشی بۆ هەولێر دەستگیر کرد
پەرەگراف
دەزگای ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، سەرۆكی "گەورەترین باندی بە قاچاخ بردنی ژنان و كچانی ئێران بۆ هەولێر"ی دەستگیر كردووە كە ئەو باندە تا ئێستا "زیاتر لە هەزار ئافرەتیان بە قاچاخ لە ئێرانەوە بردووە و لە هەولێر فرۆشراون".
بەپێی ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەو كەسە "ژنێكی هاوڕەگەزبازە بە ناوی (زوهرا مەنسووری هەمەدانی) كە ناوی خوازراوی (سارە)ی هەبووە و پاش چەند مانگێ چاودێرێكردنی دەستگیر كراوە".
دەزگای ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دەڵێت، لە ڕێگەی چاودێریكردنی ئەو ژنەوە گەیشتووە بە "گەورەترین باندەكانی قاچاخچێتیی كچان و ژنانی ئێرانی بۆ هەولێر".
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە ئەو باندە "لەلایەن دوو كەس بە ناوەكانی عەلیڕەزا فەرجادی كیا و كەتی بەڕێوە دەبرێت، كە لە ڕێگەی كاركرن لەگەڵ زوهرا مەنسووری هەمەدانی سەدان ئافرەتی ئێرانییان بۆ هەولێر بردووە".
"بەپێی زانیارییەكان، ئەو ژن و كچانە كە ژمارەیان بە زیاتر لە هەزار كەس گەیشتووە، لە شاری هەولێر دەفرۆشرێن"، ئاژانسی تەسنیم وا دەڵێت.
ئاژانسەکە دەڵێت "لە دیسكۆكانی هەولێردا نرخ لەسەر ئەو ئافرەتانە دادەنرێت و وەكوو كاڵا بۆ كڕیارەكان دەنێردرێن".
زەهرا مەنسووری لە كاتی هەوڵی جێهێشتنی وڵات لەسەر سنووری ئێران و توركیا دەستگیر كراوە و میدیا فارسییەكانی دەرەوەی ئێران دەستگیركردنی ئەو ژنەیان بە "ستەم كردن لە كەمینە ڕەگەزییەكان" ناو برد.
"برەودان بە هاوڕەگەزبازی، قومار، فێڵ، پەیوەندیی سێكسیی ڕێگەپێنەدراو و بڵاوكردنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان" لەو تۆمەتانەیە كە دراوەتە پاڵ زهرا مەنسووری.