پەرەگراف- فەرمان سادق
ئەیوب وەرتێ پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن لە هەولێر دەستەبەسەر کرا، بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە.
بەشدار حەسەن پارێزەری ئەو ڕۆژنامەنووسە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەپێی ماددەی ٤٣٤ لە یاسای سزادانی عێراقی لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەر کراوە لەسەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی".
پارێزەرەکەی وتیشی "ئەمە سەرپێچی یاسایەو دەبوو بەپێی ماددەی ٩ی یاسای ڕۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئێمە داوای گۆڕینی ئەو ماددەیە دەکەین بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری".
بەشدار ئەوەشی خستەڕوو، دادگاکان "زۆرجار سەرپیچی یاسا دەکەن" و ئەوان سەرنج و تێبینییان لەسەر کارەکانی دادگا زۆرە.
ئەیوب لە زیندانی بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە هەولێر دەستبەسەر کراوە، پارێزەرەکەی لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری پەرەگرافدا وتی "خۆتان لەوێ بوون و بینیتان، نزیکەی دوو کاتژمێر لەبەردەم ژووری دادوەری لێکۆڵینەوە وەستابووین زۆر بە زەحمەت ڕێگەیاندا بچمە ژووەرەوە بۆ لای دادوەر، مانەوەی ئەو هەموو کاتەو مانەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ شەو بۆ بەردەم دادوەری ئیشکگر کە دادوەری ئێشکگر بەپێی یاسا دەسەڵاتی نییەو دەبێت بیهێڵێتەوە بۆ سبەینێ، دیارە شتی لە پشتە ئەو بابەتە".