لە هەڵەبجە هۆشداریی دەدرێت؛ كۆرۆنا لەناو شاردایەو پێویستە هەمووان كەرەنتینە بكرێن

28-03-2020 01:59
هەڵمەتی ڕشاندنی دژە ڤایرۆس لە هەڵەبجە


پەرەگراف

تەندروستی هەڵەبجە داوادەكات، سەرجەم دەرگاو دەروازەكانی شارەكە دابخرێن‌و هاتووچۆی ناوبازاڕ‌و سەردانكردن بە هیچ جۆرێك نەمێنێت و هەمووان خۆیان كەرەنتینە بكەن، چونكە ئەو دوو كەسەی لەو شارە تووشی كۆرۆنا بوون گەشتی دەرەوەی وڵاتیان نەكردووەو لە خەڵكی دیكەی ناوخۆوە تووشبوون، ئەوەش دەریدەخات ڤایرۆسەكە لەناو شارەكەدا بوونی هەیە.

د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، سەرجەم ئەو كەسانەی بەركەوتەیان هەبووە لەگەڵ تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا 13 كەسن‌و ڕەوانەی كەرەنتین كراون‌و دوو كەسیان نیشانەیان هەبووەو براونەتە قاوشی تایبەت بە كۆرۆنا لە نەخۆشخانە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دوو كەسەی لە شارەكەدا تووشبوون پەیوەندییان بەیەكەوە نییەو خزمی یەكتری نین‌و هیچیان مێژووی گەشتكردنیان بۆ دەرەوە نییە، "ئەمەش دەریدەخات گواستنەوەی ناوخۆیی بەداخەوە لە شاردا هەیە بۆیە پێویست دەكات سەرجەم دەرگاكان دابخرێن‌. بۆئەوەی خۆمان كەرەنتینە بكەین لە ماڵەوە".

د.ئازاد مستەفا، داوای لە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا كرد ڕێكارەكان چڕ تر بكەنەوە بەتایبەت لە هەڵەبجە كە سنورێكی فراوانی لەگەڵ ئێران هەیە، وتی"پێویست ناكات هاتووچۆی ناو بازاڕ‌و سەردانكردن بە هیچ جۆرێك بمێنێت".

"ئێمە ئەركی سەرشانمان جێبەجێ كردووەو خەڵكمان هۆشیار كردووەتەوەو پێویست ناكات خەڵك دوایی لۆمەی ئێمە بكات، ئەو كەسانە دەبێت لۆمەی خۆیان بكەن كە دێنە دەرەوە" بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، وای وت.

لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 9 كەسی دیكە لە هەرێم تووشی بە كۆرۆنا بوون، 8 لە هەولێرو یەك لە هەڵەبجە.

بەوەش كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 122 كەس، لەنێویاندا 2 مردن هەیەو 51 نەخۆش چاكبووەتەوە كە 48یان لە سلێمانی 3یان لە هەولێر بووە، ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

ئەو 2 حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.