لە هەولێر دەستبەسەر 5 ئۆتۆمبێلدا گیرا كە عەرەبی قاچاخیان تێدا بوو

28-03-2020 01:25


پەرەگراف

هاتووچۆی هەولێر دەستبەسەردا گرتنی 5 ئۆتۆمبێلی ڕاگەیاند كە 52 كەسیان تێدابووەو ویستراوە بە قاچاخ بیانبەنە ناو هەولێر.

لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەكانی هاتووچۆو زێرەڤانی لەسەر هەردوو ڕێگای هەولێر-كەركوك‌و هەولێر-گوێڕ دەست بەسەر 5 ئۆتۆمبێل لە جۆرەكانی (پیكاب و كیای بار)دا گیرا.

"كە هەڵسابون بە گواستنەوەی 52 كەس لە دەرەوەی شاری هەولێرەوە بۆناو هەولێر كە زۆربەیان عەرەب بون‌و گوایا كرێكارن، بەبێ ئەوەی هیچ پشكنینێكی پزیشكی بۆ ئەوكەسانە بكرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە توشنەبوونیان بەڤایرۆسی كۆرۆنا".

دوای دەستبەسەردا گرتنی ئۆتۆمبێلەكان، 52 كەسەكە ڕادەستی ئاسایش كراون‌و نێردراون بۆ پشكنینی پزیشكیی.

لە ماوەی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆدا ئەوە چوارەم جارە لە هەولێر ئۆتۆمبێل دەستبەسەر بكرێت، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانە لە بەرامبەر بڕێك پارەدا دەیانەوێت خەڵك بە قاچاخ بگوازنەوە بۆ ناو ئەو شارە، بەبێ ئەوەی پشكنینینان بۆ بكرێت‌و بنێردرێن بۆ كەرەنیتنە كردن، تائێستا ڕێگریی لە دەوروبەری 100 كەس كراوە كە ویستوویانە بەوجۆرەو بە قاچاخ بچنە ناو هەولێر، زۆرینەی ئەوانەش عەرەب بوون.

هاتووچۆی هەولێر داوا لە شۆفێری ئەو بارهەڵگرانە دەكات كە ڕێگاپێدانیان هەیە، "بەهیچ شێوەیەك هەوڵنەدەن كەسانی دەرەوەی شاری هەولێر بێننە ناو هەولێر و بیانگوازنەوە بەبیانوی ئەوەی كە كرێكارن، چونكە ئەوەكارێكی ڕێگاپێدراو نیە‌و توشی لێپێچینەوەی یاساییان دەكات".