بۆچی هەرێمی کوردستان سوودمەند نابێت لە ٢٥ ترلیۆن دینارەکەی یاسای پاڵپشتیی ئاسایشی خۆراک؟

08-06-2022 06:58
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق. وێنە؛ میدیای سەرۆکی پەرلەمان

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی پەسەند کرد کە ڕێگە بە حکومەت دەدات ٢٥ ترلیۆن دینار لە پارەی زیادەی داهاتی وڵات خەرج بکات، هەرێمی کوردستان کەمترین سود لەو بڕە پارەیە وەردەگرێت.

یاساکە بەهۆی زیادەی داهاتی عێراق دەرچوێندرا تا دەستی حکومەت واڵابکات مامەڵە بەو پارەیەوە بکات کە زیادەی داهاتەو هیچ یاسایەک نییە ڕێگەی پێبدات ئەو پارەیە بەکار بهێنێت، بەوپێیەی عێراق ئەمساڵ یاسای بودجەی نەبوو، بۆب خەرجیی مانگانە کار بە یەک لەسەر دوانزدەی یاسای بودجە ساڵی ڕابردوو دەکات کە تێیدا بەرمیلی نەوت بە ٤٥ دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام ئێستا  بەرمیلی لە سەرووی ١٢٠دۆلارە، ئەوەش وایکردووە عێراق داهاتێکی زۆری هەبێت و دەرچەی یاسایی نییە بۆ خەرجکردنی.

ئەو یاسایەی ئەمڕۆ پەسەند کرا، ڕێگە بە وەزارەتی دارایی دەدات حساب بانکییەک بکاتەوە بۆ پاڵپشتی (ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان و کەمکردنەوەی هەژاریی) و تا بڕی ٢٥ ترلیۆن دینار لەسەر ئەو حسابە خەرج بکات کە بەسەر وەزارەت و سێکتەرە جیاوازەکاندا دابەش دەکرێت، داهاتی ئەو حسابەش پارەی زیادەی فرۆشی نەوت و هاوکاریی وڵاتان و داهاتی خاڵەسنورییەکان و قەرزی ناوخۆو دەرەکییە کەڕێگە دراوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ڕابردوو بکرێن.

هەرێمی کوردستان کەمترین سوود لەو ٢٥ ترلیۆن دینارە وەردەگرێت کە یاساکەی بۆ دەرچوێندرا، ئەوەی خەڵکی هەرێم سوودی لێ دەبینن پارەی گەنمی جوتیارانە کە هەقی جوتیاران خۆیانە لەسەر حکومەتی عێراق لەگەڵ بەشەخۆراکی مانگانە(بایەعی) کە بڕەپارەیەکی بۆ تەرخان کراوە بەپێی یاساکە.

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغداد بە پەرەگرافی وت، پەرلەمانتارانی شیعەو سوننە بە پەرلەمانتارە کوردەکانیان وتووە "ئەو ٢٥ ترلیۆن دینارەپارەی زیادەی نەوتی عێراقەو هەرێمی کوردستان داهاتی  نەوتی خۆی ڕادەست نەکردووە، ئیتر بۆچی لە پارەی عێراقی پێبدرێت؟".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "هەربۆیە هەوڵی فراکسیۆنە کوردییەکان شکستیهێنا لەوەی هەرێمی کوردستان سوودمەندبێت لە یاساکە".