وەزیری تەندروستی: خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی له‌ ئاستێكی زۆر به‌رزدایه

06-06-2022 03:15

پەرەگراف

وەزیری تەندروستی دەڵێت "خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و هیچ سیستمێك لە دونیادا نییە كە هاووڵاتی سەد لە سەد لێی ڕازی بێت". ڕایشیدەگەیەنێت "لە ڕێگەی پرۆژەیەكەوە نرخی دەرمان یەك دەخەین".

دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێم، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاندووە "پرۆژەی یەكخستنی نرخی دەرمان ٧٠%ی تەواو بووە و لەو ڕێگەیەوە نرخی دەرمان لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان یەك دەخەین".

سەبارەت بە كوالێتیی ئەو دەرمانانەی دەهێنرێنە هەرێم، سامان بەرزنجی دەڵێت "ئەو دەرمانانەی لە ڕێگەی كۆالێتی كۆنترۆڵەوە داخڵ ببن، دەرمانێكی سەلامەتە و ئێمە بەرپرسیارێتیی هەڵدەگرین لە ڕووی تەندروستی و نرخ و سەلامەتییەوە، بە پێچەوانەوە هەر دەرمانێك دوور لە چاوی ئێمە بێتە هەرێمی كوردستان، ئێمە هیچ گرەنتییەكی ناكەین و بە دەرمانێكی نایاسایی دایدەنێین".

وەزیری تەندروستی ئاماژە بەوەش دەكات كە لە ڕووی دەرمانەوە ئاستی هەرێم باشە و لە ڕووی چاودێریكردنی هاتنی دەرمانی خراپ و قاچاخیشەوە فراوانتر كاریان كردووە و دەڵێت "ڕێگە لەوە دەگرین كە دەرمان قاچاخیی پێوە بكرێت، بەڵام دەبێت هەموو لایەك بەشداریی پرۆسەكە بكەن بۆ نموونە مەرزەكان و ئەو دەروازانەی لەگەڵ شارەكانی دیكەی عێراق هەمانە".

سەبارەت بە حاڵەتەكانی پەتای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان، سامان بەرزنجی ڕایگەیاندووە "ئەو دوو حاڵەتەی كە هەبووە هەردووكیان باری تەندروستییان زۆر زۆر باشە و تیمەكانی ئێمە لەگەڵ تیمەكانی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ، بە ڕێگەی ڕشاندن خەریكی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكن".

دەربارەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموونیش، وەزیری تەندروستی دەڵێت "ئەم نەخۆشییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە. ئێمە لە ئێستادا چاودێریی ڕەوشەكە دەكەین و ڕۆژانەش‌ لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی ڕاپۆرتمان بۆ دێت، ئەگەر زانیمان ئەو نەخۆشییە لە ئێمە نزیكە، ئەو كات تواناكانی دەستنیشانكردنی ئەو نەخۆشییە لە ئارا دەبێت".

لەگەڵ ئەوەی دكتۆر سامان بەرزنجی دەڵێت "خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە"،‌ بەڵام پێیشی وایە "سیستمی تەندروستی لە هەرێم پێویستی بە چاكسازی و ڕیفۆرم هەیە و لە ئاست تموحی ئێمە نییە".