پەرەگراف
ڕێبەر ئەحمەد، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، جەخت دەكاتەوە كە "پارتی سوورە لەسەر ئەوەی ئەم جارە پۆستی سەرۆككۆمار وەربگرێت". دەشڵێت "لە كۆبووەنەوەكان لەگەڵ یەكێتی باسی پۆستی سەرۆككۆمار نەكراوە".
ڕێبەر ئەحمەد ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، وتی "لە كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لێكتێگەیشتن لەسەر بارودۆخی كوردستان باسی لێوە كراوە، بەڵام بە هیچ جۆرێك بارودۆخی بەغداد باسی لێوە نەكراوە".
كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار وتیشی "پارتی سوورە لەسەر هەبوونی پاڵێوراوی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار و وەرگرتنی ئەو پۆستە".
ئاماژەی بەوەش كرد كە "لێكتێگەیشتنی باش لە دانیشتنەكانی پارتی و یەكێتیدا هەبووە، بەڵام تاكو ئێستا بابەتی سەرۆككۆمار لە كۆبوونەوەكاندا نە باس كراوە و نە ئاماژەی پێ كراوە".
"پۆستی سەرۆككۆمار ڕێگر نەبووە لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بەڵكو پێكهاتنی نێوماڵی شیعە كۆتایی بە داخراوی لە پرۆسەی سیاسی دەهێنێت"، ڕێبەر ئەحمەد وای وت.