نەوەی نوێ بۆ بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی: ئەوە بەڵگەی ناردنی دەرمان دەستلەکارکێشانەوەکەت جێبەجێ بکە

06-06-2022 02:20
کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی نەوەی نوێ لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، بەڵگەی دابینکردنی دەرمانی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە بۆ سلێمانی بڵاوکردەوەو داوا لە بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەکات پابەندی بەڵێنەکەی بێت کە وتی ئەگەر لەسەر داوای پەرلەمانتاران دەرمان بۆ سلێمانی نێردرابێت دەستلەکار دەکێشێتەوە.

سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، جگە لەو بەشە دەرمانانەی لەسەر داوای ئەوان بۆ سلێمانی دابینکراوە لەسەرووی ئەو بەشەوە کە هەقی سلێمانی خۆیەتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەشە دەرمانی سلێمانی دانراوە، بەڵام تەندروستی سلێمانی نەچووە وەریبگرێت.

"ئەوەی لەسەر داوای ئێمە دابینکراوە، بایی دەیان ملیۆن دۆلارەو دەرمانی گرنگی تێدایە، لەوانە؛ دەرمانی شێرپەنجەو دەمارو شەکرەو گورچیلە. بەرپرسانی سلێمانی زۆر بێباکن بەرامبەر بە خەڵک" سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وای وت.

وتیشی "وەزیری تەندروستی عێراق وتی خێری نەوەی نوێ بنوسێت کە واتانکردووە ئەمساڵ بۆیەکەمجار بەرپرسی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق کۆببێتەوە کە چەند وەختە داوای کۆبوونەوەکە دەکەین و نایەت".

نەوەی نوێ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ئەوەی خستەڕوو، دەرمانەکان کە بۆ سلێمانی دابینکراوە زیاتر لە ١٢٠٠ جۆرن بە موستەلزەمات و دەرمانەوە، نووسراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق و لیستی دەرمانەکانیشی بەسەر ڕۆژنامەنووساندا دابەشکرد.

ڕێبوار ئەوڕەحمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وتی "داوا دەکەین بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەستلەکارکێشانەوەکەی بخاتەبواری جێبەجێکردنەوەو لەوە زیاتر تەندروستی سلێمانی وێران نەکات".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "ئەوەی ڕوویداوە بە ئەنقەستەو لە پێناو نەخۆشخانە ئەهلییەکان و بازرگانەکانی دەرمان کراوە".

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی نەوەی نوێ