خۆپیشاندانی شۆفێرانی تاكسی بەردەوامە، بەشێك لە پاسەكانی ناوشاری سلێمانیش كرێی گواستنەوەیان بەرز كردەوە
پەرەگراف
خۆپیشاندانی شۆفێرانی تاكسی لە سلێمانی دەستی پێ كردەوە. بەهۆی گرانبوونی بەنزین و پێنەدانی بەنزینی 690 دینارییش، بەشێك لە پاسەكانی ناو شاری سلێمانی لەوانە هێڵەكانی شەكرەكە، قلیاسان و سەرچنار كرێی گواستنەوەی نەفەریان لە 500 دینارەوە بۆ 750 دینار بەرز كردەوە.
جارێكی دیكە شۆفێرانی تاكسی ڕێگای سەرەكیی سلێمانی - تاسڵوجەیان لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانیدا داخست. داوا دەكەن بەنزینیان بە نرخێكی گونجاو بۆ دابین بكرێت و چوار كەس لە هاوڕێیانیشیان كە لە دوای خۆپیشاندانەكانی سێشەممەی ڕابردووەوە دەستگیر كراون، ئازاد بكرێن.
هەروەها شۆفێرانی پاس دەڵێن "جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، نرخی پێداویستییەكانی دیكەی ئۆتۆمبێلیش بەرز بووەتەوە و بۆمان دەرناهێنێت".
شۆفێرێكی پاس بە پەرەگرافی وت "ڕۆژانە 70 بۆ 80 هەزار دینار دەدەین بە بەنزین، ئێمەش دەرناهێنێتەوە بۆمان، ئەگەر حكومەت بەنزینمان بە نرخی گونجاو بۆ دابین بكات، ئێمەش لەگەڵ گرانبوونی نرخی بەنزین نیین".
جەلال ئەبووبەكر، سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "زیادبوونی كرێی پاس لە سلێمانی فەرمی نییە و چەند ھێڵێك كردوویانە كە ڕێگایان دوورە، ئەویش بەھۆی گرانیی نرخی بەنزینەوە".
سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە ئاماژەی بەوەش كرد كە چەند جارێك داوا لە لیژنە كراوە بە فەرمی كرێی گواستنەوەی نەفەر لە پاسەكانی ناوشار زیاد بكرێت، بەڵام ئەوان ڕەزامەند نەبوون.
بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئەگەر كێشەی بەنزین چارەسەر نەكرێت، كۆی هێڵەكانی پاسی ناو شاری سلێمانی بەنیازن نرخی گواستنەوەی نەفەری بكەن بە 750 دینار. شۆفێرانی تاكسیش دەڵێن "تا كێشەی بەنزین چارەسەر نەكرێت، بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان".