درامایەك كە لە كەناڵێكی پارتەكەی ئەردۆغانەوە پەخش دەكرێت، سووكایەتی بە حكومەت و دادگاكانی هەرێم دەكات

04-06-2022 11:21

پەرەگراف

درامایەكی توركی كە لە كاناڵێكی پارتەكەی ئەردۆغانەوە پەخش دەكرێت، سووكایەتی بە حكومەت و دادگاكانی هەرێم دەكات و بوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان ڕەت دەكاتەوە. دراماكە لەناو تۆڕی كۆمەڵایەتیدا كاردانەوەی فراوانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

دراماكە ناوی (YalnızKurt) و لە كەناڵی (ATV)ی توركی كە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیایە، پەخش دەكرێت. لە ئەڵقەی 19دا دیمەنێكی دادگاییكردن لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان پیشان دراوە، كە تێیدا تۆمەتبارێكی تورک سوكایەتی بە هەرێمی كوردستان دەكات.

لە دیمەنەكەدا وێنەی مەسعود بارزانی لە پشت دادوەرەكەوە دەردەكەوێت. هاووڵاتییەكی تورك بە ناوی تەكین گریتلی، تۆمەتبار كراوە بە ھێرشكردنە سەر بازرگانێكی ئەمریكی و دادگاییەكە بە ئامادەیی ژمارەیەك دیبلۆماتكاری توركی و ئەمریكی بەڕێوە دەچێت.

لەو گفتوگۆیانەی لە نێوان دادوەر و تۆمەتبارەكە بەڕێوە دەچێت، تۆمەتبارەكە هێرشی توند دەكاتە سەر هەرێم و دەڵێت "نە دان بە ئێوەدا دەنێم و نە دان بەم دادگاییەشدا دەنێم كە سەرۆكایەتیی دەكەن. شتێك نییە بە ناوی باكووری عێراقەوە(هەرێمی كوردستان)، بەڵام عێراق باكووری هەیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر تاوانێكم هەبێت دەبێت لە دادگاكانی عێراق یاخود لە دادگاكانی كۆماری توركیا دادگایی بكرێم".

لەو كاتەی كە تۆمەتبارەكە حكومەت و دادگاكانی هەرێم ڕەت دەكاتەوە، یەكێك لە دیبلۆماتكارە توركەكان ناڕەزایەتی دەنوێنێت و دەیەوێت تۆمەتبارەكە بوەستێنێت، بەڵام تۆمەتبارەكە دەڵێت "من لێرەدا بە ناوی دەوڵەتی توركیاوە قسە ناكەم، بیروباوەڕەكانی خۆم دەخەمە ڕوو، لەبەر ئەوە بەڕێز دیپلۆماتكار پێویست ناكات نێوەندگیری بكەیت".

"دوو تورك پێكەوە كۆببنەوە، دەوڵەت دروست دەكەن، ئێوەش كە ئیشیان پێتان نەما، دەتان خەنە تەنەكەی خۆڵەوە، داشی دامەن، داشێكی ئاسایی. ئەمان ڕۆژێك دادێت دەڕۆن، دڵنیا بن دەڕۆن، ئیتر ئەو كاتە باجەكەی دەدەن. ئەم ئەمریكییانەی كە شوێنیان كەوتوون، دوای ئەوەی بەجێیان هێشتن، بۆ كوێ هەڵدێن؟ ها؟"، ئەمەش بەشێكی دیكەی قسە توندەكانی ئەو ئەكتەرەیە كە ڕۆڵی تۆمەتبار دەگێڕێت.

پەرەگراف دەقی گفتوگۆكانی ناو ئەو دیمەنەی دادگاییكردنەكەی كردووە بە كوردی و وەكوو خۆی بڵاوی دەكاتەوە

پێنووسی دادوەر: ئەم پیاوە هێرشی كردووەتە سەر هاووڵاتییەكی ئەمریكی، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن حكومەتی باكووری عێراقەوە ڕێگەپێدانی كاركردنی هەیە، بازرگانێكی ئەمریكییە.

تۆمەتبار: باسی نیزامەدینی حەیوان دەكەن؟

سەرۆكی دادگا: ششش... بێدەنگ بە

تۆمەتبار: ئێوە كە دەڵێن بازرگانێكی ئەمریكی، مەبەستتان نیزامەدین كۆزی بێشەرەفە؟

سەرۆكی دادگا: وتم بێدەنگ بە

تۆمەتبار: سەرباری ئەوەش، تۆ جارێ پێم بڵێ كێ تۆمەتبار دەكەیت بە هێرشكردنە سەری؟

پارێزەری سكاڵاكەر: بەڕێز سەرۆك، ئەگەر هەر هێرش بووایە، كاری بەخێر بوو، سەرەتا چاودێریی كردووە، پلانی بۆ داناوە، بەدوایدا چووە، دواتر هێرشی كردووەتە سەری. سەرباری ئەمانەش، تۆمارمان لەبەردەستدایە كە دەری دەخات ئەم كەسە كاری بۆ كۆماری توركیا كردووە. ئەم كەسە درۆ لەگەڵ ئێوە دەكات.

سەرۆكی دادگا بۆ تۆمەتبار: چی بووە؟ بۆ پێدەكەنیت؟

تۆمەتبار: بە حاڵی ئێوە پێدەكەنم، بەو یارییە پێدەكەنم كە دەیكەن.

سەرۆكی دادگا: وەرەوە سەر خۆت، سنووری خۆت بزانە. من لێرە نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی باكووری عێراق دەكەم.

تۆمەتبار: باشە، بەڕێز سەرۆك، من دان نە بە حكومەتەكەتاندا دەنێم، نە بە دادگاكەشتان، ئێوە ناتوانن دادگایی من بكەن.

- دیبلۆماتكارێكی تورك: بەڕێز تەكین! (ئاماژە بۆ وەستانی لەو قسانە).

تۆمەتبار لە وەڵامی دیبلۆماتكارە توركەكەدا: من لێرەدا بە ناوی دەوڵەتی توركیاوە قسە ناكەم، بیروباوەڕەكانی خۆم دەخەمە ڕوو، لەبەر ئەوە بەڕێز دیپلۆماتكار پێویست ناكات نێوەندگیری بكەیت. من هیچ پەیوەندییەكم بە دەوڵەتەوە نییە، با ئەندامانی ئەم دادگایە باش بیزانن. ئێستا دەست لەسەرم هەڵگرن با دوو قسە بكەم.

تۆمەتبارەكە بەردەوامە لە قسە: ئێوە بە خۆتان دەڵێن حكومەتی هەرێم، لە بنەڕەتدا ئێوە بەشكێن لە پیلانگێڕیی دروستكردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێمە 1200 ساڵە لەم خاكەدا دەژین، دەتوانن نكۆڵی بكەن لە سەلجوقییەكان، ئەتابەیلیكییەكان، ئیلهانییەكان، ئاققۆنیلوییەكان، قەرەقۆینلووییەكان و عوسمانییەكان؟ خۆ بەوە نییە كە تاپۆ و تۆماری ژمارەی دانیشتوانتان هەیە. وەڵاهی هەرگیز سەركەوتوو نابن لە سڕینەوەی شوێنپەنجەكانمان لەم ناوچەدا.

سەرۆكی دادگا: سنووری خۆت بزانە تەكین گیریتلی.

تۆمەتبار: من سنووری خۆم دەزانم و سنووریش پیشانی ئەوانە دەدەم كە سنووری خۆیان نازانن. كەركووك نیشتمانمە، خاوەنی ڕاستیی ئەم خاكانە توركمانەكانە، كەركووك و مووسڵ هی خۆمانە. گەرەوترین شەقامی هەولێر ناوی موزەفەرەدین گۆكبەرییە، لەوانەیە ڕۆژێك بێت ئەم ناوە بسڕنەوە، بەڵام مێژووتان پێ ناسڕدرێتەوە. ناتوانن توركەكانی كەركووك وەدەربنێن.

سەرۆكی دادگا: هەرچیی وتووە تۆماری بكە.

تۆمەتبارەكە: تۆماری بكەن، بێگومان تۆماری بكەن. دوو تورك پێكەوە كۆببنەوە، دەوڵەت دروست دەكەن، ئێوەش كە ئیشیان پێتان نەما، دەتان خەنە تەنەكەی خۆڵەوە، داشی دامەن، داشێكی ئاسایی. ئەگەر ئەم كەسانە نەبن، ئێوە نابن، ئەمان ڕۆژێك دادێت دەڕۆن، دڵنیا بن دەڕۆن، ئیتر ئەو كاتە باجەكەی دەدەن. توركمانەكان، سریانییەكان، شیعەكان، سوننەكان، هەموویان دانە دانە حسابتان لەگەڵدا دەكەن. ئەم ئەمریكییانەی كە شوێنیان كەوتوون، دوای ئەوەی بەجێیان هێشتن، بۆ كوێ هەڵدێن؟ ها؟

سەرۆكی دادگا: تۆ بۆت نییە لێپرسینەوە لە شەرعییەتبوونی حكومەتی باكووری عێراق بكەیت.

تۆمەتبار: من تەكین گریتلی، هاووڵاتیی كۆماری توركیام، نە دان بە ئێوەدا دەنێم و نە دان بەم دادگاییەشدا دەنێم كە سەرۆكایەتیی دەكەن. شتێك نییە بە ناوی باكووری عێراقەوە، بەڵام عێراق باكووری هەیە، لەبەر ئەوە ئەگەر تاوانێكم هەبێت، دەبێت لە دادگاكانی عێراق یاخود لە دادگاكانی كۆماری توركیا دادگایی بكرێم.

سەرۆكی دادگا: ئەمە بكەنە دەرەوە