نۆ تووشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی‌و سێ لە هەولێر چاكبوونەوە

27-03-2020 11:02


پەرەگراف

12 تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان چاكبوونەوەو دەگەڕێنەوە ماڵەوە.

تەندروستی هەولێر چاكبوونەوەی سێ تووشبووی كۆرۆنای ڕاگەیاند‌و دەڵێت: بەتەواوی چاكبوونەوە دوای وەرگرتنی چارەسەری تەواو و تەواوكردنی ماوەی زانستیی بڕیاردراو.

"یەكێك لەوان نەخۆشە ناجێگیرەكە بوو كە باری تەندروستی خراپ بوو، دوای چەندین جار پشكنین بەتەواوی گەڕانەوە باری ئاسایی" بەڕێوەبەڕایەتی گشتی تەندروستی هەولێر وادەڵێت.

هەر ئەمشەو د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: 9 حاڵەتی توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی چاكبوونەوە و گەڕانەوە ماڵەوە.

بەوەش تائێستا كۆی گشتی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان چاكبوونەتەوە گەیشتە 51 كەس كە 48 یان لە سلێمانی بووە.

ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم گەیشتە 115 كەس، دوای ئەوەی ئەمشەو 2 تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەكە ڕاگەیەندرا كە یەكێكیان لە هەولێرو ئەوەی دیكەیان لە هەڵەبجەیەو گەشتی دەرەوەی نەكردووە.

هاوكات وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە بانگەوازێكی بەپەلەدا داوا لەو كەسانە دەكات كە لە 1-3 تا 14-3 لە ئەوروپا گەڕاونەتەوە پەیوەندییان پێوە بكەن بۆ پشكنینی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ دڵنیابوون لە هەبوون و نەبوونی ڤایرۆسەكە.

لەبارەی ئەو كەسەی لە هەڵەبجە تووشبووە، د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، پیشەی كاسبەو 3 ڕۆژ لەمەوبەر داغڵی نەخۆشخانەی كۆرۆنا كراوە‌و ‎هیچ مێژوویەكی گەشتكردنی نیە بۆ دەرەوەی وڵات.

"‎لەبەرئەوە ئێستا تیمەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی كەسە بەركەوتوەكانن لەگەڵ ناوبراو" د.ئازاد مستەفا وادەڵێت.

تائێستا 2 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمار كراوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.