ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە ھەرێم کار دەکەن لە بەغداوە بانگھێشتی بەردەم دادگا کران

03-06-2022 04:37
كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە 11-4-2022 لەسەر پرسی نەوت

پەرەگراف

وەزارەتی نەوتی عێراق هەنگاوێكی نوێی نا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژی نەوتی هەرێم. ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێم كار دەكەن، ئاگادار كراونەتەوە كە لەبەردەم دادگای بازرگانی لە بەغدا ئامادە بن.

ماڵپەڕی عێراق ئۆیڵ ڕیپۆرت ئاشكرای كردووە كە وەزارەتی نەوتی عێراق نامەی ئاراستەی ئەو كۆمپانیا نەوتییانە كردووە كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بۆ ئەوەی ڕۆژی 5-6-2022 لەبەردەم دادگای بازرگانی ئامادە بن.

گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرانبەر كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم، هەنگاوێكی دیكەی وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە كۆی پرۆسەی نەوتی هەرێمی بە "نادەستووری" لەقەڵەم داوە.

كۆمپانیاكانی نەوت نامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقیان بەدەست گەیشتووە و دەبێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لەبەردەم دادگا ئامادە بن و وەڵامی پرسیارەكان لەبارەی ئەو گرێبەستانە بدەنەوە كە لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامیان داوە.

ڕۆژی 31-5-2022، عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی كە سەرپەرشتیی فرۆشتنی نەوت دەكات، لە لیژنەی نەوتی پەرلەمانی عێراق باسی ئەو هەنگاوانە كرد كە لە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەیگرنەبەر.

ڕێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە فراكسیۆنەكەیان بەشدار بووە لە كۆبوونەوەكە، ناوەڕۆكی وتەكانی بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆی ئاشكرا كرد و وتی، بەڕێوەبەری سۆمۆ وتویەتی، ڕاوێژكارەكانی خۆیان ڕاسپاردووە كە هەردوو نووسینگەی یاسایی جیهانی لە لەندەن و پاریس ئاگادار بكەنەوە كە لە ڕێگای دادگاوە سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆمار بكەن كە لە هەرێم كار دەكەن، قسەشیان لەگەڵ ئەو بانكانە كردووە كە پارەی نەوتی هەرێمی تێدەچێت.

"لە دەسەڵاتماندایە حساب بانكیی هەرێم ڕابگرین و نەتوانن مامەڵەی پێوە بكەن و ڕەنگە ئەوەش بكەین گەر پێویست بێت"، بەوتەی پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ، بەڕێوەبەری سۆمۆ وای وتووە.

سەبارەت بە دۆسیەكەی عێراق لە دژی توركیا لە دادگای پاریس، وتویەتی "دادگاكە مانگی هەشت دژ بە توركیا بڕیار دەدات و كەیسەكەمان ماوە، دوای بڕیاردان دەبێت توركیا دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت یان قەرەبووی عێراق بكاتەوە".

عەلا یاسری ئەوەشی خستووەتە ڕوو، عێراق ڕۆژانە توانای هەناردەكردنی سێ‌ ملیۆن و ۷٠٠ هەزار بەرمیلی هەیە و تا ٢٠٢٧ دەیگەیەنێتە هەشت ملیۆن بەرمیل. هەرێم ڕۆژانە لە نێوان ٤۳٠ هەزار تا ٤٥٠ هەزار لە ڕێگای بەندەری جیهانەوە دەفرۆشیت (بەس ئەمەمان لایە و نازانین چەندی تر دەفرۆشێت لە ڕێگای وشكانییەوە).

‎"دیراسەی ئەوەشمان لایە كە هەرێم تا ساڵی ۲٠۳٥ ناتوانێت ٤٠٪ی ئەم نەوتەی ئێستای بەرهەم بهێنێت، ‎هەرێم نەوتەكەی ۱۱٪ لە ئێمە كەمتر دەفرۆشیت و تێیچووی هەناردەكردنەكەشی لە ئێمە زیاتر دەدات".

سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی لە قەڵەم دا، بەڕێوەبەری سۆمۆ باسی لەوە كردووە، چەند بژاردەیەكیان خستووەتە بەردەم هەرێم:

یەكەم: ئێمە تەنها نەوتەكەتان بۆ دەفرۆشین و پارەكە لە بانكێك دابنێنن كە خۆتان مامەڵەی پێوە بكەن و هەركات متمانەتان بە ئێمە نەما پارەكە هەمووی راكێشن.

دووەم: كۆمپانیایەك دابنێن هەموو ئەندام و سەرۆكەكەشی با لە ئێوە بن و بارەگاكەی لە هەولێر بێت، تەنها سەر بە وەزارەتی نەوت بێت.

سێیەم: ئەگەر كێشەی فرۆشتنتان هەیە، فەرموون ئەوە مشتەری و باخیرە و لایەنی جێبەجێكار، بەڵام بە كەمتر مەیفرۆشن.

"كەچی وەڵامی هەرێم بەرامبەر ئەو هەموو نەرمییەی ئێمە، ئەوە بوو كیتابێكیان ناردووە و دەڵێن: چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دان بە دادگای ئیتیحادیدا نانێن"، عەلا یاسری وا دەڵێت بە وتەی ڕێبوار ئەوڕەحمان.

ئاماژەی بەوەش كردووە، بەغداد تەنها ١ دۆلار و ٩ سەنت دەداتە توركیا بۆ كرێی گواستنەوەی بۆریی نەوت، بەڵام هەرێم چەندین هێندە دەدات، پرسیاری ئەوەیان لە هەرێم كردووە: بۆ ئەو هەموو پارەیە دەدەنە توركیا؟.