وەزیری دارایی هەرێم ١٠ بڕیاری دەرکرد بۆ بووژانەوەی جوڵەی بازرگانی و گەشتیاریی لە پەروێزخان

02-06-2022 06:21
وەزیری دارایی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی پەروێزخان.

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێم سەردانی دەروازەی پەروێزخانی کردو لە پێناو بووژانەوەی جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری و زیادکردنی داهات، ١٠ بڕیاری دەرکرد.

وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری ھەرێم، بە یاوەری یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبونی ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنوری ئیدارەکە کۆبونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وەزیری دارایی ڕایگەیاند "لەژێر ڕۆشنایی بەدواداچون و ئامارەکانی بەردەست، جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوە و ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هه‌بووه‌ لە کۆکردنەوەی داھات و موچەی موچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان".

داواشیکرد کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداری و یاساییەکانی وەزارەتی دارایی و ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێبھێندرێت، ئەوەش لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی.

لەکۆتاییدا ئاوات جەناب نوری، بڕیاریدا بە:

١- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئمور بەڕێدەکرێت.

٢- بازرگانان ئازادن لە بازرگانی کردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.

٣- لابردنی ڕەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.

٤-پیاداچوونەوە دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.

٥- پێداچونەوە بە لێخۆشبونی (٢٠٢) ماددە کە حکومەتی عێراق لێخۆشبونی بۆ کردوە.

٦- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واتا لە دووبارەبونەوە هیچ بڕه‌ پارەیه‌ك وەرناگیرێت.

٧- کرێی بارھەڵگرەکانی مەرزی پەرویزخان ڕێکدەخرێتەوە.

٨- پێداچونەوە بەکرێی پشكنینی كومپانیاكانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەروازەكان دەکرێت.

٩- پێداچونەوە بە پاراستنی بەروبومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.

١٠- لە سەر راسپاردەی بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری دابینکردنی ٢٠٠ دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان كە ئەمیش دەبێتە هۆی رەخساندنی ٢٠٠٠ هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان.