تەندروستیی سلێمانی و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر بەشەدەرمانی سلێمانی یەكتر تۆمەتبار دەكەن
پەرەگراف
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕەتی دەكاتەوە هیچ بڕە دەرمانێك لەسەر داوای پەرلەمانتاران لە بەغداوە ڕەوانەی سلێمانی كرابێت. وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێیش دەڵێت "٢٣٠ بالێت بەشەدەرمانی سلێمانی لە كۆگای دەرمانە لە بەغداد، بەڵام دكتۆر سەباح ھەورامی نوێنەرەكەی خۆی نانێرێت وەری بگرێت".
دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، دەڵێت "هەتا ئێستا یەك حەپی پاراستۆڵ لە بەغداوە لەسەر داواكاریی هیچ ئەندام پەرلەمانێك نەگەیشتووەتە دەست ئێمە".
دكتۆر سەباح هەورامی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك جەختیش دەكاتەوە كە ئەگەر لەسەر قسەی پەرلەمانتاران دەرمان نێردرابوو، دەست لە كار دەكێشێتەوە.
لە وەڵامدا، ڕێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی تۆمەتبار دەكات بەوەی "وەڵامی نووسراوەكانی كۆگا گشتییەكانی دەرمان لە بەغدا ناداتەوە".
ڕێبوار ئەوڕەحمان لە دكتۆر سەباح هەورامی دەپرسێت "بۆچی پەرلەمانتاری خۆتان لەبەردەم بەڕێوەبەری گشتیی دابەشكردنی دەرماندا تەلەفۆنی بۆ كردوویت كە قسەی لەگەڵ بكەیت، وتووتە: قسەی لەگەڵ ناكەم؟ دەتانەوێ خەڵكی ئەو شارە لە بێ دەرمانیدا بكوژن؟ یان شتی تری لە پشتەوەیە؟".
وتەبێژی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەشڵێت "دوێنێ چوارشەممە موخەوەلەكەتان لە كۆگاكان بووە، بۆچی دەرمانەكەی ئیستلام نەكردووە؟ تەنها بۆ ئەوەی ئەم پۆستە بكەیت؟!".
"عەیب نییە بەغدا بڵێت گیرمان خواردووە بەدەست تەندروستی سلێمانییەوە و ئەوان خەمی خەڵكی شارەكەی خۆیان نییە؟! زۆر شتی تر ماوە لە كاتی خۆی باسی هەمووی دەكەین"، رٍێبوار ئەوڕەحمان وا دەڵێت.
ڕۆژی 25-5-2022، سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، وتی "لەسەر داوای ئێمە دەرمان بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی دابین كراوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە لەناو كۆگاكانی دەرمان لە بەغدا تۆماری كردبوو، وتی "خۆمان هاتووین كارتۆنە دەرمانەكان بژمێرین، چونكە متمانەمان بە پارتی و یەكێتی نییە".
هەر هەمان ڕۆژ، سۆران عومەر، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق، وتی "لە ۱٤ی ئەم مانگەدا داوای دەرمانمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە وەزیری تەندروستی عێراق كرد، ۲٤ی مانگ بڕیاری دابینكردنی دەرمانی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، سوپاس بۆ خوا ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت".