مەزڵوم کۆبانێ: نیگەرانین لە هەڕەشە نوێیەکانی تورکیاو داوا دەکەین ڕێگە لە تراژیدیایەکی نوێ بگیرێت

02-06-2022 02:32

پەرەگراف

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، نیگەرانیی پیشاندەدات لە هەڕەشە نوێیەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و هۆشداریی لە دروستبوونی تراژیدیایەکی نوێی مرۆیی دەدات.

مەزڵوم کۆبانێ لە تویتێکدا دەڵێت "ئێمە لە هەڕەشە نوێیەکانی تورکیا نیگەرانین کە مەترسیی گەورە دەخاتە سەر باکووری سووریا. هەر هێرشێک بکرێت، سوورییەکان دابەشدەکات، قەیرانێکی نوێی مرۆیی دروستدەکات و دانیشتوانی ناوچەکە و ئاوارەکانیش ئاوارە دەکات".

فەرماندەی گشتی هەسەدە هۆشداریی دەدات کە "گرژیی نوێ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەڵمەتی دژی داعش دەبێت".

داواش لە لایەنەکان دەکات، "رێگە لە هەموو تراژیدیایەکی نوێ بگرن و پاڵپشتیی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن."

 ئەو پەیام و هۆشدارییەی مەزڵوم کۆبانێ دوای ئەوە دێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، دوێنێ لە وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆسەر مەنبج و تەلڕەفعەت لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.

ئەردۆغان وتی، دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دوو ناوچەیە، بەرەو ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەچن کە ئەو بە باکوری سوریا ناوی دەبات.

ئەو ناوچانەی تورکیا لەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا دەیەوێت هێرشیان بکاتەسەر، لەژێر کۆنتڕۆلی رووسیادان و ئەنقەرە پێویستی بە گڵۆپی سەوزی مۆسکۆ هەیە بۆ هێرشەکەی.

ئەمە چوارهەمین ئۆپەراسیۆنی تورکیایە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەوکاتەوەی شۆڕش لە سوریا دەستی پێکردووە لە ٢٠١١وە.

ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی کوردەوە بەڕێوەدەبرێت و پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) فەرمانڕەوایی دەکات و هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە-باڵی سەربازیی پەیەدە) هێزی فەرمیی پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستانن.

تورکیا یەپەگە بە درێژکراوەی پەکەکە لەقەڵەم دەدات و ئەوەی کردووە بە پاساو بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەنقەرە بەردەوام داوای لە ئەمەریکاو وڵاتانی هاوپەیمانان کردووە هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات نەکەن، بەڵام وڵاتان پابەندی ئەو داوایە نەبوون و هەسەدە بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن.

ئەمەریکا، ڕووسیا، ئێران و سوریا ناڕازین

هەریەکە لە ئەمەریکاو ڕووسیاو ئێران و سوریا ناڕەزاییان پیشانداوە لە هەر هێرشێکی نوێی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دژایەتیی هەر هێرشێکی نوێی تورکیا دەکەن بۆ سەر باکووری سووریاو ئەو نیگەرانییەی کە ئەوان هەیانە ئەوەیە کە هەر هێرشێکی نوێ دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری هەرێمیی، هەروەها دەرفەت بۆ لایەنە شەڕانگێزەکان دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ مەرامەکانی خۆیان بقۆزنەوە.

بلینکن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بەردەوامن لە شەڕی دژی داعش بەشێوەیەکی کاریگەر لە رێگەی هاوبەشەکانیانەوە لەناو سوریا و نایانەوێت هیچ شتێک مەترسی بخاتە سەر هەوڵەکانی هێشتنەوەی داعش لەو چوارچێوەیەی کە خستوویانەتە ناوی.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی تورکیا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، پلانی هێرشی نوێی تورکیا "بەشێکە لەو پاکتاوە نەتەوەیی و جوگرافییەی لە لایەن حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە لە ناوچە داگیرکراوەکان دەکرێت. ئەوەش تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش، لەبارەی ئەگەری هێرشی نوێی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، وتی، هەر جموجۆڵێکی سەربازی لە ناو خاکی وڵاتانی دیکە بە پێشێلکاریی دژی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت و دەبێتە هۆی هەڵچونی زیاتر و ئاڵۆزتربونی دۆخەکە.

هەرچەندە ڕوسیاش ناڕازییە لە هێرشی نوێی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕوسیادان، بەڵام ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤیلادمیر پۆتن سەرۆکی روسیا، ئەردۆغان جەختی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی کردەوە کە بەوتەی خۆی لە پێناو دروستکردنی "ناوچەیەکی داماڵراو لە تیرۆرە" بە درێژایی سنورەکانی تورکیا لەگەڵ سوریا و رۆژئاوای کوردستان.