پەرەگراف
دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق یەكەم فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆماڵیی بەرهەم هێنا و ئەمڕۆ نمایشی كرد. فڕۆكەكە ناوی صقر واحد (هەڵۆی یەك)ـە و یەكەم فڕینی بە ئاسمانی عێراقدا ئەنجام دا.
محەمەد ساحیب دەڕاجی، سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە "فڕۆكەكە دەتوانێت مەودای 30 كیلۆمەر ببڕێت و لە بەرزیی چوار كیلۆمەتردا بفڕێت".
دەڕاجی ئاماژەی بەوەش كردووە كە "پێشكەوتنێكی گەورە لە پیشەسازیی سەربازیی عێراقیدا بەدەست هاتووە، بە تایبەت لە بەرهەمهێنانی بۆمب، هاوەن و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان".
سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق دەڵێت "بەم نزیكانە دەمانچەی جۆری ڕافیدەین بەرهەم دەهێنن كە هەنگاوێكی گرنگە لە ڕووی ئەمنی و ئابوورییەوە بۆ عێراق".
"دەمانچەكە لە ناوخۆدا بەرهەم دێت و بەكار دەهێنرێت، دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی هاوردەكردن و لە ڕووی نرخیشەوە بەراورد بە دەمانچەی هاوردەكراو هەرزانترە"، محەمەد ساحیب دەڕاجی وا دەڵێت.


