پەرەگراف
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆسەر مەنبج و تەلڕەفعەت لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
ئەردۆغان وتیشی، دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دوو ناوچەیە، بەرەو ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەچن کە ئەو بە باکوری سوریا ناوی دەبات.
ئەو ناوچانەی تورکیا لەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا دەیەوێت هێرشیان بکاتەسەر، لەژێر کۆنتڕۆلی رووسیادان و ئەنقەرە پێویستی بە گڵۆپی سەوزی مۆسکۆ هەیە بۆ هێرشەکەی.
ئەمە پێنجهەمین ئۆپەراسیۆنی تورکیایە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لەوکاتەوەی شۆڕش لە سوریا دەستی پێکردووە لە ٢٠١١وە.
ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی کوردەوە بەڕێوەدەبرێت و پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) فەرمانڕەوایی دەکات و هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە-باڵی سەربازیی پەیەدە) هێزی فەرمیی پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستانن.
تورکیا یەپەگە بە درێژکراوەی پەکەکە لەقەڵەم دەدات و ئەوەی کردووە بە پاساو بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەنقەرە بەردەوام داوای لە ئەمەریکاو وڵاتانی هاوپەیمانان کردووە هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات نەکەن، بەڵام وڵاتان پابەندی ئەو داوایە نەبوون و هەسەدە بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن.