بەغداد هەڕەشەی ڕاگرتنی ئەو حساب بانکییەی هەرێم دەکات کە پارەی نەوتی تێدەچێت

31-05-2022 04:01
کۆبوونەوەکەی بەڕێوەبەری سۆمۆ لەگەڵ لیژنەی نەوتی پەرلەمانی عێراق.

پەرەگراف

بەغداد ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە دەگرێتەبەر کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هەڕەشەی ڕاگرتنی ئەو حساب بانکییەش دەکات کە پارەی نەوتی هەرێمی تێدەچێت.

عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقیی کە سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوت دەکات، ئەمڕۆ لە لیژنەی نەوتی پەرلەمانی عێراق باسی ئەو هەنگاوانەی کردووە کە لە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەیگرنەبەر.

ڕێبوار ئەوڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە فراکسیۆنەکەیان بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە، ناوەڕۆکی وتەکانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆی ئاشکرا کرد و دەڵێت، بەڕێوەبەری سۆمۆ وتویەتی، ڕاوێژکارەکانی خۆیان راسپاردوە کە هەردوو نوسینگەی یاسایی جیهانیی لە لەندەن و پاریس ئاگادار بکەنەوە کە لە ڕێگای دادگاوە سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیایانە تۆمار بکەن کە لە هەرێم کار دەکەن، قسەشیان لەگەڵ ئەو بانکانەش کردووە کە پارەی نەوتی هەرێمی تێدەچێت.

"لە دەسەڵاتماندایە حساب بانکیی هەرێم رابگرین و نەتوانن مامەڵەی پێوە بکەن و رەنگە ئەوەش بکەین گەر پێویست بێت" بەوتەی پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ، بەڕێوەبەری سۆمۆ وای وتووە، سەبارەت بە دۆسیەکەی عێراق لە دژی تورکیا لە دادگای پاریس وتویەتی "دادگاکە مانگی ۸ دژ بە تورکیا بڕیار دەدات و کەیسەکەمان ماوە و دوای بڕیاردان دەبێت تورکیا دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگرێت یان قەرەبوی عێراق بکاتەوە".

عەلا یاسری ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق رۆژانە توانای هەناردەکردنی ۳ ملیۆن و ۷٠٠ هەزار بەرمیلی هەیەو تا ٢٠٢٧ دەیگەیەنێتە ٨ ملیۆن بەرمیل. هەرێم رۆژانە لە نێوان ٤۳٠ هەزار تا ٤٥٠ هەزار لە رێگای بەندەری جیهانەوە دەفرۆشیت(بەس ئەمەمان لایە و نازانین چەندی تر دەفرۆشێت لە رێگای وشکانییەوە).

‎"دراسەی ئەوەشمان لایە کە هەرێم تا ساڵی ۲٠۳٥ ناتوانێت ٤٠٪ی ئەم نەوتەی ئێستای بەرهەم بهێنێت، ‎هەرێم نەوتەکەی ۱۱٪ لە ئێمە کەمتر دەفرۆشیت و تێیچوی هەناردەکردنەکەشی لە ئێمە زیاتر دەدات".

سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی لە قەڵەمدا، بەڕێوەبەری سۆمۆ باسیلەوە کردووە، چەند بژاردەیەکیان خستووەتە بەردەم هەرێم؛ یەکەم: ئێمە تەنها نەوتەکەتان بۆ دەفرۆشین و پارەکە لە بانکێک دابنێنن کە خۆتان مامەڵەی پێوە بکەن و هەرکات متمانەتان بە ئێمە نەما پارەکە هەمووی راکێشن. دووەم: کۆمپانیایەک دابنێن هەموو ئەندام و سەرۆکەکەشی با لە ئێوەبن و بارەگاکەی لە هەولێر بێت، تەنها سەر بە وەزارەتی نەوت بێت. سێیەم: ئەگەر کێشەی فرۆشتنتان هەیە، فەرموون ئەوە مشتەری و باخیرەو لایەنی جێبەجێکار، بەڵام بە کەمتر مەیفرۆشن.

"کەچی وەڵامی هەرێم بەرامبەر ئەو هەموو نەرمیەی ئێمە ئەوەبوو کتابێکیان ناردوەو دەڵێن چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم دان بە دادگای ئیتیحادیدا نانێن" عەلا یاسری وادەڵێت بە وتەی ڕێبوار ئەوڕەحمان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەغداد تەنها ١ دۆلار و ٩ سەنت دەداتە تورکیا بۆ کرێی گواستنەوەی بۆریی نەوت، بەڵام هەرێم چەندین هێندە دەدات، پرسیاری ئەوەیان لە هەرێم کردووە: بۆ ئەو هەموو پارەیە دەدەنە تورکیا؟.