تورکیا دان بەوەدا دەنێت کە دوو ڕۆژ جارێک سەربازێکی لە شەڕی پەکەکەدا لە هەرێمی کوردستان دەکوژرێت
پەرەگراف
شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکەو سوپای تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگای دهۆک بەردەوامەو، بەپێی دانپێدانانی تورکیاخۆی دووڕۆژجارێک سەربازێکیان کوژراوە لە ماوەی ٤٢ ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەمڕۆ کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکەی ڕاگەیاند بەهۆی تەقینەوەی مینی پەکەکەوە، بەوەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئەو وڵاتە لەم ئۆپەراسیۆنەیان لە دژی پەکەکە گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠ سەرباز، بەڵام پەکەکە دەڵێت دەیان سەربازی تورکیاکوژراون.
هاوکات تورکیا کوژراوانی پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ بە زیاتر لە ١٥٠ گەریلا لەقەڵەم دەدات، پەکەکەش ئەوە ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت،ژمارەی کوژراوەکانیان زۆر لەوە کەمترە.
لە ئێوارەی 17ی نیسانی ئەمساڵەوە توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی لەژێر ناوی چنگ-قوفڵ بۆ سەر پەكەكە لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەست پێ كردووە و تا ئێستا بەردەوامە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سێ ڕۆژ دوای ئۆپەراسیۆنەكە ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی ھەرێم كە ئەو بە باكووری عێراق ناوی دەبات، لە نزیكەوە ھەماھەنگییان ھەیە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی لەدژی پەكەكە دەستیان پێ كردووە.
دواتر عێراق وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و ڕەتی كردەوە ھەماھەنگییان ھەبێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش باڵیۆزی توركیای بانگھێشت كرد و یاداشتی ناڕەزایی پێ دا.
لە نوێترین ڕاگەیەندراویشدا، ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێت "لە هەرێمەكانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ٤٧ داگیركەر سزادراون، هەشت داگیركەر بریندار بوون، گورز لە دوو هێلیكۆپتەریش وەشێنراوە".
هەرچەندە توركیا لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەدا هێرشی توند و بەرفراوانی زەمینی و ئاسمانیی دەست پێ كرد و هەڵمەتێكی میدیایی گەورەی بەڕێوە برد بەو ئاراستەیەی كە لە ماوەیەكی كەمدا پێشڕەویی بەرچاو لەو ناوچانە بكات، بەڵام هەگەپە دەڵێت كە شكستی بە هێرشەكان هێناوە و ڕێگریی لە پێشڕەویی سوپای توركیا كردووە.