پەرەگراف
پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە سۆران، دەستگیركردنی "یەكێك لە گەورەترین بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەر"ی ڕاگەیاند كە "پشكی شێری لە بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكان هەبووە".
بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون، كۆكردنەوەی زانیاری و چاودێریی ورد، سەرەنجام هێزەكانی بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران توانییان تۆمەتبار (س.ع.خ )، یەكێك لە گەورەترین بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان دەستگیر بكەن".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران، ئەو كەسە لە "بازگەی گۆجار سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران" دەستگیر كراوە. تۆمەتبارەكە خەڵكی "ئیدارەی ڕاپەڕینە و دانیشتووی قەلادزێ و وڵاتی ئێرانە".
پۆلیس دەڵێت "تۆمەتبارەكە پشكی شێری هەبووە لە بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكان بە هەموو جۆرەكانی كریستاڵ، هێرۆیین و تریاك لە هەرێمی كوردستان".
"لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، هێزەكانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان توانییان دەست بەسەر ڕێژەیەكی زۆر لە جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر و حەبی هۆشبەر و چەندین ئۆتۆمبێلدا بگرن. ژمارەیەكی زۆر لە ئالوودەبووان و فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر كە كاریان بۆ ( س.ع.خ ) كردووە، دەستگیر بكەن"، پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران وا دەڵێت.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە "ناوبراو سەرپەرشتیی باندێكی گەورەی هاوردە كردن و بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكانی دەكرد، بە دەستگیركردنی ئەم بازرگانە، ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای هەولێر بە شێوەی بەرچاو ڕوو لە كەمبوون دەكات".