شاسوار عەبدولواحید: یەکەمجارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتووەتەسەرخەت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی هەرێم

29-05-2022 08:20

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، یەکەمجارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتووەتەسەرخەت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی هەرێم هاوشێوەی هەلبژاردنەکەی عێراق ئەمەش "هەنگاوێکی زۆر گرنگە"، وتیشی: لەوەش گرنگتر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش وادەی کاری نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە عێراق و کوردستان درێژکردەوە بۆ ساڵێک.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێیوابوو هەڵبژاردنی داهاتوو گۆڕانکاریی دروست دەکات و جوڵانەوەکەیان موفاجەئەی هەڵبژاردن دەبێت، "گرنگ بەشداریی خەڵکە لە هەڵبژاردن، ئەگەر خەڵک بەشدارنەبن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت بێتەسەر سندوق دەنگبدات. هەندێک کەس لە ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەم دەکەنەوەو خەڵک سارد دەکەنەوە لە دەنگدان.. دەبێت خەڵک لەمە تێبگات".

شاسوار عەبدولواحید وتیشی "لەگەڵ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و کەسایەتییە ناڕازییەکان قسەمان کردووەو ئامادەین بۆ خۆپیشاندانی فراوان، بەڵام هەندێک ڕایان وابوو خۆپیشاندان دوابخەین و هەموو تەرکیزێکمان لەسەر هەڵبژاردن بێت، ئێمەش ئەوە دەکەین و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی زۆر دوابخرێت خۆپیشاندان و رێپێوانی فراوان دەکەین".