پەرەگراف
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ھۆشداریی دا لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای خوێنەربوونی ڤایرۆسی لە وڵاتەكەدا و دەڵێت "تا ئێستا ھیچ پێكوتەیەك دژ بە پەتاكە نەدۆزراوەتەوە". لە هەرێمی كوردستانیش هێشتا هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە و دڵنیایی دەدرێت كە ڕێكار دەگیرێتە بەر.
ڕیاز عەبدولئەمیر حیلفی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، بە ڕۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچەفەرمی وتووە "لەمساڵدا تا ئێستا ١٨ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون لە عێراقدا تۆمار كراوە".
ئەو بەرپرسەی تەندروستیی عێراق دەشڵێت "چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان بە پەتاكە لە پارێزگای زیقار و چەند حاڵەتێكی دیكەی گیانلەدەستدان لە پارێزگاكانی دیوانییە، نەجەف و موسەننا تۆمار كراون".
ڕیاز عەبدولئەمیر حیلفی ئاماژەی بەوەش كرد كە تا ئێستا ھیچ چارەسەر و ڤاكسینێك دژ بە پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی نەدۆزراوەتەوە. داوایشی لە كەسانی تووشبوو بە پەتاكە كرد كە لە قۆناغی یەكەمی تووشبوونیاندا سەردانی نەخۆشخانە بكەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە مردن رزگار بكەن.
سەبارەت بە نەخۆشییەكەش لە كوردستان، ڕابەر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، ڕایگەیاند "هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە هیچ حاڵەتێكی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وتیشی "ژوورێكی عەمەلیات پێكهێنراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرمانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە بەسەر خاوەن ئاژەڵەكاندا دابەش دەكرێت".
ڕابەر محەمەد داوای لە هاووڵاتیان كرد كە "خۆیان بەدوور بگرن لە كڕینی گۆشت لەسەر جادەكان و ئەو قەسابانەی كە مۆڵەتی تەندروستییان نییە".
دكتۆر سەرخێڵ ئاراس، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، لەبارەی نەۆشییەكەوە لە گفتوگۆیەكدا بۆ پەرەگراف وتی "تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی گوازراوەیە كە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. لە 40%ی ئەو كەسانەی تووشی دەبن، ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە".
سەبارەت بە نیشانەكانی نەخۆشییەكەیش، دكتۆر سەرخێڵ ئاراس وتی "نەخۆشەكە تایەكی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات".
ساڵی ٢٠١٩، ٢٠ حاڵەت و ساڵی ٢٠٢١، ١٩ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای خوێنەربوونی ڤایرۆسیی لە عێراق تۆمار كران.
رۆژی ١٩ی ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تۆماركردنی چوار حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەھۆی پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسیی و ١٨ حاڵەتی تووشبوون بە پەتاكەی ڕاگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە ٢٦ی تەمووزی ڕابردوو، یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسیی ڕاگەیاندبوو.
بەپێی زانیارییەكانی ڕێكخراوی تەندورستیی جیھانی، ڕێژەی گیانلەدەستدان بەھۆی پەتای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی، دەگاتە لەسەدا ٤٠.
پەتاكە لە ڕێگای پەلەوەر و ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دواتر لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی دیكە دەگوازرێتەوە.