شەڕی سەخت لە نێوان پەكەكە و توركیا بەردەوامە؛ هەردوولا ئامار و زانیاریی نوێ بڵاو دەكەنەوە
پەرەگراف
شەڕ و پێكدادانی توند و سەختی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین درێژەی هەیە. هەردوولا ئاماری نوێی شەڕ بڵاو دەكەنەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا دەڵێت، هێزەكانیان "بە تیمی گەڕۆكی داهێنەر چەند چالاكییەكیان ئەنجام دا. لەو چالاكییانەدا شەش داگیركەر سزادران و دوو داگیركەریش بریندار بوون".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگە، لە ٢٨ی نیسان لە "ناوچەی بەرخودانی وەرخەلێ لە ئاڤاشین، شاخی شەهید سورخوێن لە هەرێمی زاپ، كەڤركۆنی سەر بە هەرێمی بەرخودانی كوڕەژارۆ" ڕووبەڕووبوونەوە ڕووی داوە و ڕێگری كراوە لەوەی هێزی توركیا لەو ناوچانە دابەزن و جێگیر بن.
هەپەگە دەڵێت، لە 28ی مانگدا سوپای توركیا "پێنج جار بە تەقەمەنی و چەكی كیمیایی و دوو جاریش بە فڕۆكە، كوڕەژارۆ و سێ جار بە شاخی جودی و شاخی بەهاری و هەشت جار گۆڕەپانی شاخی جەهەننەم و چەمچۆی لە هەرێمی زاپ" بۆردوومان كردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ڕۆژانە هەپەگە بڵاویان دەكاتەوە، تا ئێستا "279 سەربازی توركیا كوژراون" و ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون، هاوكات ناسنامەی چەند شەهیدێكی گەریلای بڵاو كردووەتەوە و ئاماری تەواوی لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.
لە بەرانبەردا وەزارەتی بەرگریی توركیا لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا دەڵێت، تا ئێستا "57" گەریلا كوژراون و ئەردۆغانیش ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی وڵاتەكەی بە "پێنج سەرباز" ڕاگەیاندووە.
وەزارەتی بەرگریی توركیا بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئۆپەراسیۆنەكەی "بە سەركەوتنێكی گەورە وەك ئەوەی پلانی بۆ دانراوە، بەردەوامە" و "ئەمڕۆ ٣٦٩ تەقەمەنیی دەستكرد پووچەڵكراونەتەوە و دەست بەسەر ٨١ حەشارگە و ئەشكەوتدا گیراوە".
"سەربازانی سوپای توركیا دەستیان گرتووە بەسەر ٩١ چەكی قورسدا، زیاتر لە ٢٠ هەزار مووشەكهاوێژ و بۆمبهاوێژ و تەقەمەنی دۆزراونەتەوە، لەناو ئەشكەوتەكانیشدا چەندین ئامێری دیجیتاڵی و كەلوپەلی ڕۆژانە دۆزراونەتەوە"، وەزارەتی بەرگریی توركیا وا دەڵێت.
بەڵام هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، ڕەتی دەكاتەوە توركیا هیچ سەركەوتنێكی بەدەست هێنابێت و جەخت دەكاتەوە كە لە سەرجەم بەرەكانی شەڕ ڕێگرییان لە پێشڕەوی و دابەزینی هێزی توركیا لە ڕێگەی هێلیكۆپتەرەوە كردووە.
ڕۆژی 17-4-2022، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی چنگ-قوفڵ بۆ سەر پەكەكە لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەست پێ كرد و 12 ڕۆژە شەڕی سەخت بەڕێوە دەچێت.
ئەردۆغان دەڵێت، ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە "كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەی زاپ و پچڕاندنی پەیوەندیی پەكەكە بە توركیاوە".
ڕۆژی 26-4-2022، سەرۆككۆماری توركیا لە دوای كۆبوونەوەی كابینەی حكوومەتەكەی، لە وتارێكدا وتی "بە كۆنترۆڵكردنی ناوچەی زاپ، هیچ ناوچەیەك بە درێژایی هێڵی سنووریی توركیا نامێنێت كە كۆنترۆڵ نەكرابێت، بەوەش و پەیوەندیی پەكەكە بە تەواوتی بە خاكی توركیاوە دەپچڕێت".