بافڵ تاڵەبانی: دەبێت بەسەر لاشەی مندا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت

28-04-2022 10:10
کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و کونسوڵ و نێردەی وڵاتان لە ھەولێر. ٢٨-٢-٢٠٢٢

پەرەگراف

یەكێتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆسیەكانی هەڵبژاردن، نەوت و غاز و ژمارەیەك پرسی دیكە ڕاگەیاند. بافڵ تاڵەبانی دەڵێت " دەبێت بەسەر لاشەی مندا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت، ئەگەر كەیسەكە ناشەفاف بێت".

هەڵوێستەكەی یەكێتی:

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە ھەولێر لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، رێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان لە ھەرێم كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەك لە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ئەمین بابە شێخ، د.سۆران جەمال تاھیر و پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سیاسی ھەرێم، عێراق و پرسی ھەڵبژاردن هەڵوەستەیكرد و بەڕاشكاوی ھەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی خستەڕوو و رایگەیاند، یەكێتی ھێزێكە قورسایی سیاسی خۆی ھەیە و لەناو ھاوكێشە ناوخۆیی، عێراقی و جیھانییەكانیش كاریگەری خۆی هەیە. سەرۆك مام جەلال پاشخانێكی سیاسیی گەورە و پەیوەندییەكی دۆستانەی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دروستكردووە. ئێمەش جگە لە پاراستنی، پەرەپێدەر و درێژەپێدەری ئەو پەیوەندییانە دەبین لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەكان.

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشكرایكرد، زۆرینەی ھێز و لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم لەگەڵ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن و داڕشتنەوەی یاسایەكی نوێدان، بەشێوەیەك كە بوار بۆ ساختەكاری نەمێنێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە. پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن نەوەك هێز و لایەنی تر نوێنەرایەتییان بكەن. هەروەها لەبەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن رەهەندێكی نیشتمانیی هەیە، دەبێت بە سازان چارەسەر بكرێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە ئەو یاسایە موڵكی هیچ حزب و لایەنێك نییە و دەبێت بە رێككەوتن و كۆدەنگی نیشتمانیی دەربچێنرێت.

لەبارەی ئەو بارودۆخە داراییەش كە بەسەر سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕیندا سەپێنراوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك بەرامبەر نادادی، ناشەفافی، قۆرخكاری، جیاكاری و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بێدەنگ نابین و هەڵوێست و پەیامی خۆمان لەوبارەیەوە گەیاندووە. پیلاندانان بەرامبەر خەڵكی ئەم سنوورە و دەستبردن بۆ بژێوی ژیانی خەڵكەكەی هێڵی سوورە. خەڵكەكەمان گلەیی و داواكارییەكانیان ئاڕاستەی ئێمە دەكەن و ئێمەش بەرامبەر ئەو دۆخە بێدەنگ نابین و هەموو ئەگەرەكان لەبەردەمماندا كراوەیە.

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە پرسی غاز و هەناردەكردنی هەڵوەستیكرد و وتی، دەبێت گرێبەست و شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە و نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین. بە شەفافی كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێت و هاوڵاتییانی كوردستان بەشێكبن لە پرۆسەكە. هەموو هەوڵێكیش لە دەرەوەی ئەم داواكارییانە ئەوا روون و ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت. ئەمەش داواكاری خەڵكی كوردستانە جێبەجێی دەكەم و لەبەرامبەر ژیانی خەڵك و ئایندەی گەلەكەماندا، بێدەنگی و شەرمەزاری هەڵنابژێرم.

سەبارەت بە پرسی نەوت و بەهەدەردانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەكێتی ئاشكرا كرد و وتی، بەداخەوە بەشێك لەو كۆمپانیایانەی لەبواری نەوتدا كار دەكەن لەلایەن حزبەوە ئاڕاستە دەكرێن و بۆ بەرژەوەندی كەسیی بەكاردەهێنرێن. بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش قبوڵ ناكەین و رێگەنادەین هیچ هێز و لایەنێك لەسەر قوت و ژیانی خەڵك خۆیان دەوڵەمەند بكەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەڕێگای نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی بیانی، رێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانەوە پەیامێكی توند و روونی ئاڕاستەی ئەو لایەنە كرد كە بە مەرام و پیلان دەیەوێت دۆخی ھەرێم بە تایبەت سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بشێوێنن و گەمارۆی داراییان بخەنەسەر و رایگەیاند، یەكێتی ئەو هێزە نییە كە پاشكۆیەتی و ئیستیفزاز لە هیچ هێز و لایەنێك قبوڵ بكات. بڕوامان بەخەباتی دیموكراسی هەیە و بەهەموو شێوەیەك خۆسەپێنی و تاكڕەوی رەت دەكەینەوە. بەڵام بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان، هەموو هەنگاوێك دەگرینەبەر لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵكی خۆمان.