وەزیری دارایی لەسەر بەڵێنی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی گەڕایەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران

27-04-2022 04:47
سێڵفییەکى وەزیرەکانى پارتى لەگەڵ وەزیرى دارایى لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیران.

پەرەگراف

ئاوات شێخ جەناب دوای دوو مانگ دابڕان بەهۆی نیگەرانییەكانییەوە، ئەمڕۆ گەڕایەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، گەڕانەوەكەی لەسەر بەڵێنێكی بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانییە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە وەزیری دارایی بە پەرەگرافی وت، هەفتەی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی سەردانی ئاوات شێخ جەنابی كردووە لە ماڵەكەی خۆی، ئاوات شێخ جەناب داوای كردووە كێشەكانی پارتی و یەكێتی و ئەو دوو ئیدارەییەی لە واقیعدا هەیە، ڕەنگدانەوەی لەسەر وەزارەتەكەی نەبێت، بەتایبەت لە پرسی كۆكردنەوەی داهات بۆ مووچە كە ئەوی تووشی ئیحراجی كردووە.

بەوتەی سەرچاوەكەی پەرەگراف، بافڵ تاڵەبانی داوای لە وەزیری دارایی كردووە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی و بەڵێنی پشتیوانی و چارەسەری كێشەكانی پێ داوە.

پێشتریش مەسرور بارزانی هەمان پشتیوانیی بۆ ئاوات شێخ جەناب دەربڕیوە و داوای كردووە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی.

هەرچەندە وەزیری دارایی گەڕایەوە، بەڵام هێشتا خراپیی دۆخی دابەشكردنی مووچە بە تایبەت لە سلێمانی وەكوو خۆیەتی و ئەمڕۆش خانەنشینانی پێشمەرگە دوای چەند كاتژمێرێك چاوەڕوانی لە بەردەم بانكەكان، بەهۆی نەبوونی پارەوە مووچەیان پێ نەدرا.

پاش ماوەیەك لە نیگەرانییەكانی ئاوات شێخ جەناب، تیمی گۆڕان بە ئامادەیی وەزیری دارایی لەگەڵ مەسرور بارزانی كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا ئاوات شێخ جەناب نیگەرانییەكانی بۆ دوو ئیدارەیی گەڕاندووەتەوە. هەروەها گۆڕان ئەوەشیان بە سەرۆكی حكومەت وتووە كە لەسەدا ٥٠ی ڕێككەوتنەكەیان جێبەجێ نەكراوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی تیمەكەیان و مەسرور بارزانی، دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە پشكی گۆڕان ڕایگەیاند، ئەوەیان خستووەتە ڕوو لەگەڵ جێبەجێنەكردنی نیوەی ڕێككەوتنەكەیان، ململانێی پارتی و یەكێتیش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر كارەكانی وەزیر و وەزارەتی دارایی دروست كردووە.

ئەو وەزیرەی گۆڕان پشتیوانیی بزووتنەوەكەیانی بۆ نیگەرانییەكانی وەزیری دارایی دووپات كردەوە و دەڵێت، دوو ئیدارەیی وای كردووە وەزارەتی دارایی نەتوانێت وەكوو دامەزراوەیەكی یەكگرتوو بە ئەركی خۆی هەستێت و بەوەش ئیحراجییەكی زۆر بۆ وەزیری دارایی دروست بووە.