ئاسایشی ھەولێر توندوتیژی بەرامبەر پەیامنێری پەرەگراف بەکاردەھێنێت

26-04-2022 06:08
خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا. وێنە؛ فەرمان سادق- پەرەگراف

پەرەگراف

لەکاتی ڕوماڵی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەولێر بۆ ئیدانەکردنی ھێرشەکانی تورکیا، ھێزەکانی ئاسایش بە جلوبەرگی فەرمییەوە(لەسەر جلەکانیان نووسرابو بەشی جموجۆڵی ئاسایش) پەلاماری پەیامنێری پەرەگرافیان دا.

فەرمان سادق پەیامنێری پەرەگراف، دەڵێت "لە سەرەتای خۆپیشاندانەکە ئاسایشەکان پەلاماریان دام و مۆبایل و مایکەکەیان بردم و نەیانھێشت ڕوماڵ بکەم، خۆپیشاندەران منیان پاراست و نەیانھێشت لێم بدرێت، لەسەر ئەوەش لە خۆپیشاندەرێک درا".

پاش ماوەیەک لە دەستبەسەرداگرتنی پێداویستییە ڕۆژنامەوانییەکانی، لەسەر پێداگریی پەیامنێری پەرەگراف ھێزەکانی ئاسایش مۆبایل و مایکەکەی پێدەدەنەوە.

ھێزەکانی ئاسایش لە سەرەتاوە ڕێگرییان لە ڕوماڵی میدیاکانی دیکەش کردووە، پاشان لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەکەدا ڕێگە بە میدیاکان درا ڕوماڵی بکەن.

پەرەگراف ئیدانەی ئەو هەڵسوکەوتەی ئاسایشی هەولێر دەکات و پەلاماردان و ڕیگرییەکەیان پێشێلکارییەکی زەقی یاساو مافی ڕۆژنامەنووسانە.

ڤیدیۆی ساتی پەلاماردانی پەیامنێری پەرەگراف و ڕێگریی لە ڕوماڵەکەی