ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە بۆ پچڕاندنی تەواوەتیی پەیوەندیی پەكەكەیە بە خاكی توركیاوە
پەرەگراف
ئەردۆغان جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی وڵاتەكەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دژی پەكەكە دەكاتەوە و دەڵێت: ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەی زاپە و پچڕاندنی پەیوەندیی پەكەكە بە توركیاوە. هەپەگەیش كوژرانی 14 سەربازی دیكەی توركیا ڕاگەیاند و دەڵێت: توركیا چەكی كیمیایی بەكار هێناوە.
سەرۆككۆماری توركیا لە دوای كۆبوونەوەی كابینەی حكوومەتەكەی، لە وتارێكدا وتی "بە كۆنترۆڵكردنی ناوچەی زاپ، هیچ ناوچەیەك بە درێژایی هێڵی سنووریی توركیا نامێنێت كە كۆنترۆڵ نەكرابێت، بەوەش و پەیوەندیی پەكەكە بە تەواوتی بە خاكی توركیاوە دەپچڕێت".
ئەردۆغان جەختیشی كردەوە "تا ئەو كاتەی بە تەواوی سنوورەكانی باشووری وڵاتەكەمان كۆنترۆڵ دەكەین، ئۆپەراسیۆنەكانمان بەردەوام دەبن". بانگەشەی ئەوەیشی كرد كە "تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ھەزار" گەریلا لە هێرشەكانی توركیادا كوژراون.
لە 17ی ئەم مانگەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی لە دژی پەكەكە لەژێر ناوی چنگ-قوفڵ، لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەست پێ كردووە. 10 ڕۆژە شەڕی سەخت بە ڕێوە دەچێت و پەكەكە دەڵێت ".
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی بەرگریی توركیا، 56 گەریلا كوژراون، بەڵام پەكەكە ئەوە ڕەت دەكاتەوە و بەپێی ناسنامەی ئەو شەهیدانەی كە بڵاوی كردوونەتەوە، كەمتر لە 20 گەریلا كوژراون.
هاوكات پەكەكە كوژرانی زیاتر لە 250 سەربازی توركیای ڕاگەیاندووە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی توركیا تەنیا دانی بە كوژرانی چەند سەربازێكیدا ناوە و ناسنامەكانیانی بڵاو كردووەتەوە.
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا دەڵێت "لە ڕۆژی ٢٤ی نیسان سەنگەرەكانی گردی ئورتێ، شەهید جوودی، شەهید بەرخۆدان و شەهید هاوڕێ ١٩ جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی بۆردوومان كران".
هەپەگە باس لەوەش دەكات كە لە 23 تا 25 نیسان زنجیرەیەك هێرشی توركیایان تێك شكاندووە و چەند جارێك ڕێگرییان لە جێگیربوونی سوپای توركیا لە ناوچەكانی گەریلا كردووە. بە بەردەوامیش گەریلاكانیان لە چالاكیی جۆروجۆردا گورزیان لە هێزەكانی توركیا وەشاندووە.