ئەمڕۆیش خانەنشینان بە دەستی خاڵی لە بانكەكان گەڕانەوە

26-04-2022 01:42

پەرەگراف

ئەمڕۆیش ئەو بەشەی خانەنشینان لە سلێمانی كە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە، پاش چەند كاتژمێر چاوەڕوانی، بە دەستی خاڵی گەڕانەوە ماڵەوە و مووچەیان پێ‌ نەدرا.

ئەو خانەنشینانە كە زۆرینەیان خانەنشینی پێشمەرگەن، تێیاندابوو لە نیوەشەوەوە لەبەردەم بنكەیەكی دابەشكردنی مووچەدا نۆرەیەی گرتبوو و هەر لەوێ پارشێوی كردبوو، بەڵام دەمەو نیوەڕۆ پێیان گوترا ئەمڕۆ پارە نییە و مووچە دابەش ناكرێت.

خانەنشینێكی پێشمەرگە بۆ پەرەگراف وتی "پێمان دەڵێن پارە هەیە و كە دێین دەڵێن نییە".

ئەو خانەنشینە نیگەرانیی لە دۆخی دابەشكردنی مووچە دەربڕی و وتی "لە ساڵی 1991ـەوە پێشمەرگەم و شەڕ نەما نەیكەم، ئێستایش ئەوە چارەنووسمانە".

مووچەی مانگی سێی خانەنشینان كە بەپێی لیستی دابەشكردنی مووچە دەبوو لە ڕۆژانی 20 تا 23ی ئەم مانگە دابەش بكرێت، تا ئەمڕۆ كە 27ی مانگە، لە سلێمانی كۆتایی پێ‌ نەهاتووە و ڕۆژانە خانەنشینان دەچنە بانكەكان و پارە نییە پێیان بدرێت.

لە بەرانبەر ئەو دۆخەی كە دروست بووە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە پشكی گۆڕان، نیگەرانیی دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی ڕوون و هۆكارەكانی ئەم دۆخە داراییەی بۆ ڕایگشتی نەخستووەتە ڕوو.