ئەفسەرێكی عێراقی بە هەڵمەتێكی بەخشینی هەزار دیناری پرۆژەی نیشتەجێبوون بۆ هەژاران دروست دەكات

25-04-2022 05:03

پەرەگراف

ئەفسەرێكی عێراقی بە ڕاگەیاندنی هەڵمەتێكی بەخشین لەژێر ناوی (پرۆژەی هەزار دینار)، دەیان خانووی بۆ هەژاران دروست كردووە و كار بۆ پرۆژەیەكی دیكە دەكات كە لە 100 خانوو پێك دێت.

سەیف عەباس، ئەفسەر لە پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، هەڵمەتێكی مرۆیی لەژێر ناوی (پڕۆژەی هەزار دینار) ڕاگەیاندووە، بەو پارەیەی كۆی كردووەتەوە سەرەتا 33 خانووی بۆ بێباوكان و هەژاران دروست كردووە.

ئەو ئەفسەرە لە سەرەتای 2019 هەڵمەتەكەی لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوو ك و ئینستاگرام ڕاگەیاندووە. هاووڵاتیانی ناوخۆی عێراق و ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە بە پێدانی پارە پاڵپشتییان كردووە.

لە ئێستاشدا پرۆژەیەكی نوێی نیشتەجێبوونی تەواو كردووە كە لە 25 خانوو پێك هاتووە، بڕیارە بە زوویی بدرێت بە كەسانی كەمدەرامەت و شایستە.

 مەرجی ئەو خێزانانەی كە خانوویان لە پرۆژەكەی سەف عەباس پێ‌ دەدرێت، ئەوەیە كە خێزانەكە كەسیان نەبێت كاریان بۆ بكات و بیان ژیێنێت، هەروەها هیچ مووچەیەكیان نەبێت جگە لە مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی.

سەیف عەباس بە تەنیا كار دەكات و هیچ ڕێكخراو و ستافێكی نییە، جەخت دەكاتەوە كە پرۆژەكەی پەیوەندیی بە هیچ كەسایەتییەكی ئایینی، سیاسی و حیزبییەوە نییە و پێشنیازی لەو شێوەیەیشی بۆ پاڵپشتیی پرۆژەكە ڕەت كردوووەتەوە.

ئەو ئێستا كار دەكات بۆ پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی نوێ‌ بۆ هەژاران، كە لە ١٠٠ خانوو پێك دێت لەگەڵ بوونی قوتابخانە، باخچەی ساوایان و بنكەی تەندروستی.