پەرەگراف
نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، داوای ڕوونكردنەوە لە پارێزگاری سلێمانی دەكەن سەبارەت بە ئامانج و دەستكەوتەكانی سەردانەكەی بۆ هیندستان.
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كە لە فراكسیۆنە جیاوازەكانن بە گۆڕانیشەوە، دەڵێن "سەردانەكەی هەڤاڵ ئەبووبەكر بۆ هیندستان لە كاتێكدایە پارێزگاكە غەرقی چەندین قەیرانی بە مەبەست و دروستكراو بووە، لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا ناڕەزایەتی زۆری هاووڵاتیانی لێ كەوتووەتەوە".
لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنیان كردووە، ئەو ئەندام ئەنجومەنانە ئاماژەیان بەوە كردووە كە "تا ئێستا نازانرێت سەردانەكە گەشتێكی ئاسایی یاخود فەرمی بووە"، دەشڵێن "بەپێی ئەو پۆستانەی كە پارێزگار لە سۆشیال میدیا بڵاویكردونەتەوە، بەشێكی زۆری سەردانەكەی تەنیا وێنەگرتن و گرنگیدان بووە بە كلتور و كەلەپوری هیندستان".
لە ماوەی ڕابردوودا پارێزگاری سلێمانی گەشتێكی بۆ هیندستان ئەنجام دا و ڕۆژانە چالاكی و وێنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكردەوە، ئەوەش ناڕەزایی و توانجی خەڵكی بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت كە سلێمانی بەدەست چەندین قەیرانەوە گیرۆدەیە.

