سلێمانی؛ خانەنشینان چەند ڕۆژێكە سەردانی بانكەكان دەكەن و مووچەیان پێ‌ نادرێت

28-03-2022 01:43

پەرەگراف

نزیكەی 50 ڕۆژە بەشێکی زۆر لە خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی مووچەیان وەرنەگرتووە و چەند ڕۆژێكیشە سەردانی بانكەكان دەكەن، بەڵام بە بێهیوایی دەگەڕێنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی و تووڕەیی خانەنیشانی لێ‌ كەوتووەتەوە و بۆ ماوەیەك شەقامی سەرەكیی بەردەم سلێمانی پاڵاسیان داخست.

ئەمڕۆیش ئەو خانەنشینانە ڕوویان لە بانكەكان كرد بۆ وەرگرتنی مووچە، بەڵام خانەنشینێك بە پەرەگرافی وت "چوار ڕۆژە لەسەر یەك دێین، دەڵێن پارە نییە، چەند ملیۆنێك دێت و بە ژمارەك كەسی دەدەن، ئەوی دیكەی هیچ".

ئەو مووچەی كە هێشتا بە خانەنشیان نەدراوە، مووچەی مانگی دووە، لە كاتێكدا دەبوو ئێستا حكومەت دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ‌ كردبوایە.

خانەنشینێك دەڵێت "كە نەوت بە 20 دۆلار بوو، بارودۆخ باشتر بوو، چونكە بەنزین و نەوت و پێداویستییەكانی دیكەیش هەرزان بوون، ئێستا كە نەوت گەیشتووەتە 120 دۆلار و بەغدایش 200 ملیار دینارەكە دەنێرێت، كەچی هەر مووچە نادەن".

خانەنشینان نیگەرانن لەوەی كە سەرەڕای ئەوەی مووچە دوادەكەوێت، لەو كاتەشدا مووچەیان پێ‌ نادرێت كە ڕادەگەیندرێت. پێشمەرگەیەكی خانەنشین بۆ پەرەگراف دەڵێت "لیستی مووچە بڵاو دەكەنەوە، بەڵام كە دەچیت مووچە نادەن. دەڵێی خێرمان پێ‌ دەكەن، ڕژێك دیاری ناكەن بڵێن لەو ڕۆژەدا بە ڕاستی مووچەكەتان پێ‌ دەدرێت".