بارزانی: زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سووكایەتیە دەكەین كە لەلایەن كەسێكەوە بە مەرجەعیەت كراوە

28-03-2022 12:18

پەرەگراف

مەسعود بارزانی ڕیگەیاند، سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان و هێما باڵاكان بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو و نیە و بەزاندنی هێڵی سوورە.

"زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سووكایەتیە دەكەین كە شەوی ڕابردوو لە لایەن كەسێكەوە بە مەرجەعیەت كراوە. ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە ناشیاوانە هیچ پەیوەندییان بە گەلی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیە" بارزانی وادەڵێت.

کاردانەوەکەی بارزانی دوای ئەوەدێت، تویتێكی نایف كوردستانی کاندیدی پێشووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، لەسەر مەرجەعیەتی شیعەکان بە سووکایەی لێکدرایەوەو لایەنگرانی عەلی سیستانی توڕە کردو شەوی ڕابردوو بارەگای لقی ٥ی پارتییان لە بەغداد سووتاند.

بارزانی زۆر بە توندی ئیدانەی سووتاندنی بارەگای پارتی دەکات و دەڵێت "ئەوە بۆ دووەمین جارە لە لایەن كۆمەڵێك تێكدەر وشكستخواردوو ئەنجام دەدرێت و ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی پاشاگەردانی و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش و لە ڕاستیدا ئەو گرووپانەش جگە لە خەراپەكاری و تێكدان و ئاژاوە هیچی تریان لەدەست نەهاتووە".

نایف كوردستانی لە تویتێکدا وتبوی: "مەرجەعێکی عەربمان دەوێت کە لە ئەهلی ئالو بەیت بێت، نەک مەرجەعی هیندی و فارسی، چونکەئەوان سەیید نین ئەگەر مێزەری ڕەشیش لەسەر بکەن". ئەو قسەیە لایەنگرانی عەلی سیستانی توڕە کرد، ھەرچەندە دواتر ئەو کادرەی پارتی داوای لێبوردنی کردو پارتیش خۆی لێ بێبەری کرد، بەڵام لایەنگرانی سیستانی چوونەسەر بارەگای پارتی.

ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکردنی نایف کوردستانی ڕاگەیاندو پارتی خۆی لێ بێبەری کرد.

دەقی پەیامی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەوبارەیەوە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان و هێما باڵاكان  بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو و نیە و بەزاندنی هێڵی سوورە و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سووكایەتیە دەكەین كە شەوی ڕابردوو لە لایەن كەسێكەوە بە مەرجەعیەت كراوە. ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە ناشیاوانە هیچ پەیوەندییان بە گەلی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیە.

كوردستان خاوەنی فەرهەنگی بەرزی پێكەوەژیانە و، سووكایەتیكردن بە ڕەمز و موقەدەساتی خەڵك لە ناو فەرهەنگی گەلی كوردستان هیچ كات جێگەی نەكردووەتەوە و جێگەی نابێتەوە.

گەلی كوردستان ڕێز و پێزانینێكی زۆری بۆ مەرجەعیەت هەیە و پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتی و هاوسۆزیی نێوان بارزانیی نەمر و  ئایەتوڵڵا حەكیم و شەهید سەدر گەواهیە بۆ ئەو پەیوەندیی و دۆستایەتیە دێرینە. ئەو كەسەش كە سووكایەتی كردووە لە لایەن یاساوە گیراوەو سزای تاوان و زێدەڕۆیی خۆی دەداتەوە.

هەروەها زۆر بە توندی ئیدانەی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەكەین كە ئەوە بۆ دووەمین جارە لەلایەن كۆمەڵێك تێكدەر و شكستخواردوو ئەنجام دەدرێت و ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی پاشاگەردانی و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش و لە ڕاستیدائەو گرووپانەش جگە لە خەراپەكاری و تێكدان و ئاژاوە هیچی تریان لەدەست نەهاتووە.

مسعود بارزانی

٢٨ی ئاداری ٢٠٢٢