نایف کوردستانی دەستگیرکرا کە بە تویتێک گڕی لە پارتی بەردا لە بەغداد

28-03-2022 09:51

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی وەزیر، نایف کوردستانی دەستگیر کرا كە "سووكایەتی" بە مەرجەعیەتی شیعەکان کردووە.

دەستگیرکردنەکە دوای ئەوەدێت، تویتێكی نایف كوردستانی کاندیدی پێشووی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، لەسەر مەرجەعیەتی شیعەکان بە سووکایەی لێکدرایەوەو لایەنگرانی عەلی سیستانی توڕە کردو شەوی ڕابردوو بارەگای لقی ٥ی پارتییان لە بەغداد سووتاند.

نایف كوردستانی لە تویتێکدا وتبوی: "مەرجەعێکی عەربمان دەوێت کە لە ئەهلی ئالو بەیت بێت، نەک مەرجەعی هیندی و فارسی، چونکە ئەوان سەیید نین ئەگەر مێزەری ڕەشیش لەسەر بکەن". ئەو قسەیەلایەنگرانی عەلی سیستانی توڕە کرد، ھەرچەندە دواتر ئەو کادرەی پارتی داوای لێبوردنی کردو پارتیش خۆی لێ بێبەری کرد، بەڵام لایەنگرانی سیستانی چوونەسەر بارەگای پارتی.

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا باس لەوە دەكات، ئازادی رادەربڕین بە واتای ئەوە نایەت سووكایەتی بە رەمز و هێما ئایینی و نیشتمانییەكان بكرێت و دەستدرێژیان بكرێتەسەر و ئەو كارە بە هیچ جۆرێك قەبووڵ نییە.

"ئەو كەسەی ئەو تویتەی بڵاوكردووەتەوە تەنیا گوزارشت لە رای خۆی دەكات، هەڵوێستی حكومەتی هەرێم و گەلی كوردستان روون و راشكاوە لە رێزگرتن و نرخاندنی رۆڵی مەرجەعیەت لە عێراق و جیهانی ئیسلامی و ئەو هەڵوێستەش وەكو خۆی دەمێنێتەوە و لەسەری بەردەوام دەبن" وەزارەتی ناوخۆ وادەڵێت.

ھاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، پارتی بەردەوام رێزی تایبەتی لە تەواوی مەرجەعییە تەئایینیەکان دەگرێت و کادیر و ئەندامانیشی ئامۆژگاری کردووە، رێز لە مەرجەعییەتە ئیسلامی و ئایینەکانی دیکە بگرن، ئەوەش لەگەڵرێبازی بارزانی نەمر یەکدەگرێتەوە.

پارتی لە راگەیەندراوەکەیدا بەتوندی ئیدانەی ئەو تویتەی نایف کوردستانی کردووە و دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو کەسە پەیوەندیی بەو حزبەوە نییەو ئەو تویتە تەنیا گوزارشت لە رای تایبەتی خودی کەسەکە دەکات و بەھیچ شێوەیەک ھەڵوێستی پارتی نییە.

نایف کوردستانی ساڵی ٢٠١٨ کاندیدی پارتی بوو لە موسڵ بۆ پەرلەمانی عێراق، دکتۆرای لە زمانی عەرەبیدا ھەیەو مامۆستای زانکۆی موسڵ بووە.