جووتیار عادل: سەرۆكی حكومەت پاڵپشتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات و تۆپەكە لە ساحەی پەرلەماندایە

27-03-2022 08:23

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "سەرۆكی حكومەت بە هەموو شێوەیە پاڵپشتیی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكات". سەبارەت بە مووچەیش دەڵێت "لەو بڕوایەدام لە سەرەتای مانگی چوار، مووچەی مانگی سێ‌ دابەش بكرێت".

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لەمیانی بەشداریكردنی لە پانێڵی (بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئاسۆ و چارەسەر) كە لەلایەن تۆڕی ڕێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن بە پاڵپشتیی ڕێكخراوی (NED)ی ئەمریكی لە هەولێر ڕێكخرابوو، وتیشی "لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، مەسروور بارزانی وتی: من بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنم".

جووتیار عادل بە ئاماژەكردن بەوەی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە ڕۆژی 27ی شوباتەوە فەرمانی دەركردووە كە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوموت لە ڕووی دارایی، كارگێڕی، لۆجیستی و ئەمنییەوە ئامادەكاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكەن، دەڵێت "ئێستا تۆپەكە لە ساحەی پەرلەماندایە" كە بابەتی كۆمیسیۆن و هەر بابەتێكی دیكەی پەیسوەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكات.