هاوارێک لە پێنج زیندانیی بادینانەوە: تکایە فریامان کەون، لەژێر ئازاردا خەریکە دەمرین

27-03-2022 04:24

پەرەگراف

پێنج زیندانیی بادینان کە زیاتر لە ساڵێکە لە شیلادزێ دەستگیرکراون و دادگایی نەکراون، لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدان و دەستیان بە مانگرتن کردووەو داوای یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانیان دەکەن.

کەسوکاری زیندانییان لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکیان بۆ پەرەگراف ناردووە، لە زای زیندانییانەوە باسی خراپی بارودۆخ و مامەڵەی توندوتیژیی لایەنە ئەمنییەکان دەکەن لەگەڵ زیندانییان، چەند داواکارییەک ئاڕاستەی ڕایگشتی و ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان دەکەن.

"لەسەرەتای ڕفاندنمان لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین و لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆ کراوین و بڵاویشی دەکەنەوە.. بێجگە لەوەی رێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکرێت" بەیاننامەکە لە زاری زیندانییانەوە وادەڵێت.

دەقی بەیاننامەی کەسوکاری زیندانییان کە بۆ پەرەگراف نێردراوە

"تکایە فریامان کەون، لەژێر ئازاردا خەریکە لێرە دەمرین"

"زیندانیانی شیلادزێ ره‌وشی ته‌ندروستیيان زۆر خراپه‌ به‌شێك له‌ زيندانيان دوچاری نەخۆشی پێست بوون و جه‌سته‌يان بریندارە و بە دروشمی یان مردن یا ئازادی دەستیان بە مانگرتن کردوە و داوای بەھانەوە چونیان دەکەن".

بۆ/ ڕای گشتی

دوای تێپه‌ربونی زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگ لە رفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیی بادینان کە خەڵکی شیلادزێن ماوه‌ی ٢٠ رۆژە و چواریشیان ماوەی ٣ رۆژە دەستیان بە مانگرتن کردوە لە خواردن و دۆخیان زۆر خراپە و رونکردنەوە و داواکارییان لە زیندانەوە بۆ رای گشتی دەخەینەروو:

رونکردنەوەو داواکاریی زیندانیان

یەکەم: لەسەرەتای ڕفاندنمان لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین و لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆ کراوین و بڵاویشی دەکەنەوە.

دووەم: بێجگە لەوەی رێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکرێت.

سێیەم: لەکاتی لێکۆلینەوەدا گشت وتەو ئیفادەکانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوین کە نەمان زانیوە چی نوسراوە.

چوارەم: ئەمجەد رێکانی ماوەی ٢٠ رۆژە و ئێمەش ماوەی ٣ رۆژە دەستمان بە مانگرتن کردوە لە خواردن، دۆخی تەندروستیمان و بەتایبەتی ئەمجەد زۆر خراپە.

لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین و داواکارین لە UN، رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و گشت خەڵکی کوردستان فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە و داواکارین:

یەکەم: بە زووترین کات رێگە بدەن چاومان بە پارێزەرەکانمان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنمان دیاری بکرێت.

دوه‌م: نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و یونامی بێن لە نزیکەوە سەیری دۆخەکەمان بکەن.

ناو و رۆژی رفاندنی کچالاکوانە دەستگیرکراوەکان کە تا ئێستا دادگایی نەکراون

مەحمود ناجی صديق (چالاکڤان) .. شیلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠

کوڤان طارق جبرائیل (چالاکڤان) .. شیلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠

یوسف شەریف ئیبراهیم (چالاکڤان) .. شیلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠

ئەمجەد یوسف موستەفا (چالاکڤان) .. شیلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

نێچیرڤان بەدیع حاجی (چالاکڤان) .. شیلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠

بۆ مێژوو و ڕای گشتی تەحەدا دەکەین زیندانیانی شیلادزێ و بادینان یەک تاوانیا نیەو ئەگەر یاسا سەروەرە بێت، دەبێت ئازاد بکرێن تەنیا تاوانیان رەخنە و بیرورای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتێکی مەدەنی بوە، بۆیە تکایە زیاتر سومعەی ھەرێمەکەمان ناشرینتر مەکەن و دەستبەجێ ئازادیان بکەن.

تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین.

گروپی کەسوکاری زیندانیانی بادینان

٢٧ی ٣ی ٢٠٢٢