چوارچێوەی هەماهەنگیی 'پلانی کودەتای هەبوو' ئەگەر سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایە

26-03-2022 07:39
چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنەکانی حەشدی شەعبین و چەک و پارەیان بەدەستەوەیە.

پەرەگراف

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان کە بەرەی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان و نزیک لە ئێرانن، پلانیان هەبووە ئەگەر ئەمڕۆ پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت "ڕاستەوخۆ کودەتا ئەنجام بدەن".

سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان کە بەرەی نزیک لە ئێرانن پلان بی-یان دانابوو کە ئەگەر ئەمڕۆ پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت ئەوا ڕاستەوخۆ کودەتای سەربازییان ئەنجام دەداو دەچوونەسەر پەرلەمان و دامودەزگا حکومییەکان".

ئەو سەرچاوەیە کە بە وردی ئاگاداری ڕووداوەکانە لە بەغداد، وتیشی "کودەتاکە بە پاساوی ڕێگریی لە سەپاندنی ئیرادەی وڵاتانی کەنداو و تورکیاو ڕێگریی لە موئامەرە دژی عێراق ئەنجام دەدرا".

چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنەکانی حەشدی شەعبی و دۆڕاوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقن و چەک و پارەیان بەدەستەوەیەو لە ململانێیەکی توونددان لەگەڵ موقتەدا سەدر.

لە دوای شکستهێنانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەرهەم ساڵح لە پەیامێکدا وتی: نەبوونی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی و شکستهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران لە تەواوکردنی مافە دەستوورییەکان لە کاتی خۆیدا، "جێگەی نیگه‌رانی و دڵەراوکێیە"، چونکە بەردەوامبوون و گەیشتن بە چەقبەستوویی سیاسی لەم ساتەوەختەدا کە وڵات ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە چیتر مایەیی قبوڵکردن نییە.

ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوولەسەرسێی پەرلەمانتاران هەبوو کە ٢٢٠ پەرلەمانتار دەکات، بەڵام تەنھا ٢٠٢ پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بوون بەوەش نەتوانرا پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت و هاوپەیمانییەکەی بارزانی و سەدرو حەلبووسی شکستیان هێنا لە کۆکردنەوەی ڕێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەر ئەحمەد بە سەرۆککۆمار.

پاشان سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی گۆڕی بە دانیشتنێکی ئاسایی و وادەی نوێی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری کرد کە ڕۆژی چوار شەممەی داھاتوو ٣٠-٣-٢٠٢٢ە.

لەناو فراکسیۆنە کوردییەکاندا پارتی و نەوەی نوێ بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان و یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ لە بەرەی بایکۆتی کۆبوونەوەکە بوون.

پارتی هاوپەیمانی سەدرەو کاندیدی بۆ سەرۆککۆمار هەبوو لە ئەگەری بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەدا پۆستەکەی دەبردەوە هەربۆیە بە پێداگرییەوە لە کۆبوونەوەکە بەشداربوو. نەوەی نوێش کە بەشداریکردنەکەی مشتومڕی فراوانی بەدواداهات دەڵێت، لەلایەن سەدرو سوننەکانەوە ئەو وەرەقە ١٧ خاڵییەیان واژۆ کراوەو گرەنتی جێبەجێکردنی دراوە کە کردبوویانە مەرج بۆ بەشداریی لە دانیشتنەکە.

لە بەرەی بەرامبەر، یەکێتی کە ڕکابەری پارتییە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەکاتی کۆبوونەوەکەدا شاندی باڵای ئەو حیزبە لە ماڵی نوری مالیکی لەگەڵ بەرەی بایکۆتدا بوون، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش ڕایانگەیاند بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و نەبوونی تەوافوقی سیاسیی بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەن.