نوێترین پەیامی سەدر: سێیەکی پەکخەر با نیشتمانی بن

25-03-2022 08:12

پەرەگراف

سەدر لە تویتێکدا بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێت، ئەگەر یەک لەسەر سێی پەکخەرتان شیعەی تەواوە ئەوکات داوامان لێبکەن هاوپەیمانی گەورە شیعەی تەواو بێت.

"ئەی هاوار بۆتان.. ئەگەر نا، با یەک لەسەر سێی پەکخەری ئێوە نیشتمانی بێت و هاوپەیمانێتییەکەی ئێمەش  نیشتمانی بێت" سەدر وادەڵێت.

پەیامەکە لەکاتێکدایە سبەینێ وادەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەو پەرلەمان کارنامەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە کە تەنھا ئەو خاڵەیەو کاتژمێر١١ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دیاریکراوە.

لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێن، یەک لەسەر سێی پەکخەریان ھەیە بۆ پەکخستنی کۆبوونەوەکە، سازدانی دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی ٢٢٠ پەرلەمانتارەو ھاوپەیمانییەکەی سەدر و بارزانی و حەلبوسی ئەو ڕێژە پەرلەمانتارەیان نییەو چاویان لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانە ڕێژەی یاسایی تەواو بکەن.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو ڕێبەر ئەحمەد لەلایەن پارتییەوە بۆ پۆستەکە كاندید كراوە، وەكوو ڕكابەرێك لە بەرانبەر بەرهەم ساڵح كەلەلایەن یەكێتییەوە دووبارە كاندید كراوەتەوە.

پاش پەیامەکەی ئەمشەوی سەدر، حەسەن عەزاری سەرۆکی کوتلەی سەدر لە پەرلەمان ڕایگەیاند، عێراقیەکان سبەینێ دەزانن کێ عێراقیی ڕەسەنەو کێش پاشکۆیە.، سبەینێ عێراقیەکان دەزانن کێ لە بەرەی چاكسازییەو کێش لە بەرەی گەندەڵكارانە.