مەسرور بارزانی بودجەی تایبەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە دەربەندیخان تەرخان دەكات

24-03-2020 10:55


پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بودجەیەكی تایبەت بۆ ئیدارە و بەشی تەندروستی قەزای دەربەندیخان تەرخانكرا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

د.جوتیار عادل لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، حكومەتی ھەرێم بە پێی توانای یارمەتیی ئەو قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆیانە دەدات كە ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان لە ناوچەكانی دیكەی ھەرێم زیاترە.

"لێردا جەخت لە گرنگیی پابەندبوونی ھاووڵاتییان بە ڕێنماییە تەندروستییەكان دەكەینەوە، بە تایبەتی مانەوە لە ماڵەكانیان، كە سەرەكیترین چارەسەرە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم پەتایە" وتەبێژی حكومەت وادەڵێت.

ئەو ڕاگەیەندراوەی وتەبێژەكەی حكومەت هاوكاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەش تووشبووی دیكەی ڤایرۆسەكە لە دەربەندیخان، بەوەش تائێستا لەو قەزایە 14 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئەمشەو ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، شەش تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە سلێمانی دەستنیشانكرا، لە دوو خێزانن و بەركەوتووانی توشبووی دوێنێن كە سێ ئافرەت و دوو منداڵ و یەك پیاوی تێدایە و دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن.

كۆی گشتی توشبووان لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 97 حاڵەت و دوو مردن هەیە.

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمشەو، د. سەباح هەورامی، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: پێنج حاڵەتی تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی چاك بوونەوە و گەڕانەوە ماڵەوە.

بەوەش كۆی گشتیی ئەوانەی چاكبوونەتەوە گەیشتە 27 حاڵەت كە سەرجەمیان لە سلێمانی بوون.

ئەو دوو حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبووە، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.

دووەم حاڵەتی مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی دوێنێ ڕاگەیەندرا، پەرەگراف زانیاریی وردی لەبارەیەوە بڵاوكردەوە، پیاوێكی خەڵكی چەمچەماڵەو پێرێ(22-3) كۆچی دوایی كردووە، بە گومانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە نمونەی لێوەرگیراوە بۆ پشكنین‌و دوێنێ دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكە بووە.