پەرەگراف
ڕێبەر ئەحمەد، كاندیدی پارتی بۆ سەرۆككۆمار، دەڵێت "ڕەوتی چاكسازی خۆی بەسەر هەمواندا سەپاندووە و دەبێت پۆستی سەرۆككۆمار ڕۆڵی راستەقینەی خۆی بگێڕێت".
لە وتارێكدا كە لە ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاوی كردووەتەوە، ڕێبەر ئەحمەد تێڕوانینی خۆی بۆ دۆخی عێراق و پۆستی سەرۆككۆمار خستووەتە ڕوو و دەڵێت، لە سەردەمی عێراقێكی نوێداین و دەنگی گەلمان بیست كە سیستمێكی دەوێت لە ئاستی عێراقدا بێت.
كاندیدەكەی پارتی دەشڵێت "سەرۆككۆمار پارێزەری دەستوورە و پارێزگاری لە سەربەخۆیی و یەكێتیی خاكی عێراقی دەكەوێتە ئەستۆ. رەوتی چاكسازی خۆی بەسەر هەمواندا سەپاندووە و دەخوازێت پۆستی سەرۆككۆمار ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت".
ڕێبەر ئەحمەد كە كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، دوێنێ چوارشەممە 23-3-2022، لەلایەن هاوپەیمانیی پارتی، سەدر و سوننەكانەوە بە فەرمی وەكوو كاندیدی هاوپەیمانییەكە بۆ ئەو پۆستە ناسێندرا.
ئەمڕۆیش دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سكاڵایەكی عالیە نوسێف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسای دژی ڕێبەر ئەحمەد ڕەت كردەوە. دادگاكە بڕیاری دا هەر كەسێكی پارتی دەتوانێت خۆی بۆ پۆستەكان لە عێراق كاندید بكات.
ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا سكاڵای ئەوەی لەسەر پارتی تۆمار كردبوو كە حیزبێكی جوداخوازە و نابێت كادیرەكانی پۆست لە حكومەتی فیدراڵیدا وەربگرن.
ڕێبەر ئەحمەد كە ئێستا وەزیری ناوخی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، پاش ڕەتكردنەوەی كاندیدبوونی هۆشیار زێباری لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، لەلایەن پارتییەوە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كاندید كرا، وەكوو ڕكابەرێك لە بەرانبەر بەرهەم ساڵح كە لەلایەن یەكێتییەوە دووبارە بۆ ئەو سەرۆككۆمار كاندید كراوە.