شەش كەسی دیكە لە سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوون

24-03-2020 10:31

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، شەش تووشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانكرا، لە دوو خێزانن و بەركەوتووانی توشبووی دوێنێن كە سێ ئافرەت و دوو منداڵ و یەك پیاوی تێدایە و دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن.

كۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان توشبووان گەیشتە 97 حالەت و دوو مردن.

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمشەو، د. سەباح هەورامی، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند: پێنج حاڵەتی تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی چاك بوونەوە و گەڕانەوە ماڵەوە، بەوەش كۆی گشتیی ئەوانەی چاكبوونەتەوە گەیشتە 27 حاڵەت كە سەرجەمیان لە سلێمانی بوون. 

ئەو دوو حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبووە، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.

دووەم حاڵەتی مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی دوێنێ ڕاگەیەندرا، پەرەگراف زانیاریی وردی لەبارەیەوە بڵاوكردەوە، پیاوێكی خەڵكی چەمچەماڵەو پێرێ(22-3) كۆچی دوایی كردووە، بە گومانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە نمونەی لێوەرگیراوە بۆ پشكنین‌و دوێنێ دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكە بووە.