پەرەگراف
تادێت ژمارەی مردن بە كۆرۆنا لە وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئیتاڵیاو ئیسپانیا بەرزدەبێتەوە، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 743 كەسی دیكە لە ئیتاڵیاو 514 لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە.
ئیتاڵیا خراپترین وڵاتی ئەوروپایەو دووەم خراپترینی جیهانە لە دوای چین، دوای دوو ڕۆژ لە نزمبوونەوەی ئامارەكانی مردن بە كۆرۆنا، ئەمڕۆ بازدانێكی گەورە ڕوویداو ژمارەكە لە ئیتاڵیا زیادی كرد، 743 كەسی دیكە مردن، بەوەش تائێستا 8 هەزارو 820 كەس لەو وڵاتە بە كۆرۆنا مردوون.
ژمارەی تووشبووانیش لە ئیتاڵیا بەرزبووەوە بۆ 69 هەزارو 176 كەس دوای ئەوەی لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 5 هەزارو 249 حاڵەتی نوێ تۆمار كراون.
كۆرۆنا لە ئیسپانیاش بە خێرایی تەشەنە دەكاتو دوای ئیتاڵیا دووەم خراپترین وڵاتی ئەوروپایە، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە ئیسپانیا 514 حاڵەتی نوێی مردن هەبووەو ئەمە زۆرترین ژمارەی مردنە لە ئیسپانیا تۆمار كرابێت لە ماوەی یەك ڕۆژدا، بەوەش كۆی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 2 هەزارو 696 كەس.
ژمارەی تووشبووانیش لە ئیسپانیا بەرزبووەوە بۆ 39 هەزارو 673 كەس، دوای ئەوەی لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 6 هەزارو 600 حاڵەتی نوێ تۆمار كراوە.