پەرەگراف
بۆ ڕێگریی لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرۆك وەزیرانی هیندستان بڕیاریدا قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرتاسەری وڵات جێبەجێ بكرێتو تەواوی هاووڵاتییانی هیندستان لە هەر 32 هەرێمو پارێزگاكەی ئەو وڵاتە لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە.
نارندرا مۆدی، ڕایگەیاند، بڕیارەكە لە نیوەشەوی سێ شەممە(بەكاتی ناوخۆی هیندستان) دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوەو بۆ ماوەی 21 ڕۆژ بەردەوام دەبێتو لەو ماوەیەدا كەس بۆی نییە لەماڵ بچێتە دەرەوە.
"ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت لە ماوەی 21 ڕۆژدا كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكات، بۆ 21 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێینەوە" نارندرا مودی لە پەیامەكەیدا وای وت.
سەرۆك وەزیرانی هیندستان ئەوەشی خستە ڕوو، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دوو مانگی ڕابردوو ئەوەیان دەرخستووە كە تەنها ڕێگا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا، پچڕاندنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانو مانەوەیە لە ماڵەوە.
هیندستان دووەم قەرەباڵغترین وڵاتی دونیایە، لە دوای چین زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی هەیە، تا ئێستا تەنها 519 تووشبووی كۆرۆنای هەیەو 10 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە تۆمار كراوە.
لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆدا سەرجەم دووكانو بازاڕو شوێنی كار لە هیندستان دادەخرێن، تەنها دامەزراوە خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك؛ ئاو، كارەبا، تەندروستیو ئەمنیی لە كاردا دەبن.