شەش حاڵەتی نوێی كۆرۆنا لە هەولێر تۆمار كرا

24-03-2020 10:20


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، لە بەردەوامی پشكنینەكان و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، شەس تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە شاری هەولێر دەستنیشانكرا كە لە نێویاندا دوو منداڵی تەمەن یەك ساڵی و نۆ ساڵی و سێ ئافرەت و یەك پیاوی تێدایە.

بەوەش كۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان توشبووان گەیشتە 91 حاڵەت و دوو مردن، 22 تووشبووش چاكبوونەتەوە.

ئەو دوو حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبووە، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.

دووەم حاڵەتی مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی دوێنێ ڕاگەیەندرا، پەرەگراف زانیاریی وردی لەبارەیەوە بڵاوكردەوە، پیاوێكی خەڵكی چەمچەماڵەو پێرێ(22-3) كۆچی دوایی كردووە، بە گومانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە نمونەی لێوەرگیراوە بۆ پشكنین‌و دوێنێ دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكە بووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرەگرافی وت"ئەو پیاوە نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبووەو دۆخی خراپ بووە، دوای گیان لەدەستدانی گومانی لێدەكرا كۆرۆنای هەبێت هەربۆیە بە ڕێوشوێنی تەندروستیی نێژراوە بۆئەوەی ئەگەر ڤایرۆسەكەی هەبێت بۆ كەسی دیكە نەگوازرێتەوە".

وەك ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت "ئەو كەسە سەردانی دەرەوەی وڵاتی نەكردووە، بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە دۆخی زۆر خراپ بووەو سەرەتای ئەم مانگە لە سلێمانی نەشتەرگەریی بۆ كراوە، دیارنییە چۆن تووشی كۆرۆنا بووە، دوای نەشتەرگەرییەكە خەڵكێكی زۆر سەردانیان كردووەو گومان دەكرێت لە كەسێكەوە تووش بووبێت".

كوڕێكی ئەو پیاوەش تووشی ڤایرۆسەكە بووەو ئەو كەسەیە كە پێرێ ڕاگەیەندرا لە چەمچەماڵ تووشبوویەكی كۆرۆنا تۆمار كراوە.

كۆی گشتی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە چەمچەماڵ 4 حاڵەتە كە یەكێكیان گیانی لەدەستداوە؛ 3 حاڵەتەكەی دیكە كوڕەكەی ئەو پیاوەو دوو منداڵن لە ناحیەی تەكیە، یەكێك لەو منداڵانە لە ئێران گەڕاوەتەوەو تووشی كۆرۆنا بووەو منداڵەكەی دیكەش هاوڕێی ئەوەو بەركەوتەی لەگەڵیدا هەبووە.

لە قەزای چەمچەماڵ زەنگی مەترسیی لێدراوەو هۆشداریی تووند دراوە بە خەڵك لە ماڵەكانیان بمێننەوە، نەخۆشخانەی ئاسوودە لەو قەزایە كە 22 قەرەوێڵەی هەیە ئامادەكراوەو بۆ تووشبووانی كۆرۆنا.

نەخۆشخانەیەكی دیكەش بەناوی عومەر خەلیفە، كە 200 قەرەوێڵەییە ئامادەكارییەكانی لە تەواوبووندان تا بكرێتە نەخۆشخانەی كۆرۆناو پێداویستیی بۆ دابین دەكرێت.

هەرلە قەزای چەمچەماڵ خێرخوازێك دەستی كردووە بە دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 60 قەرەوێڵەیی، گروپێكیش بەناوی (گەڕانەوە بۆ ژیان) سەردانی دەوڵەمەندەكانیان كردووە پارەیان كۆكردووەتەوە بۆ كڕینی ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، تائێستا ئەو گروپە دوو ئامێریان بۆ قەزاكەیان دابین كردووە.