ئێران ڕێگەی بە یەکێتی نەدا کاندیدی یەدەگی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت

09-03-2022 05:47

پەرەگراف

مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوو ڕۆژ لە کۆبوونەوەدا بوو بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی یەدەگ بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەڵام ئێران ڕێگریی لەو هەوڵە کرد.

سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار بە پەرەگرافی وت "دوێنێ و ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ پرسی سەرۆککۆمار کۆبووەتەوەو زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی یەکێتی بمێنێتەوە بەڵام  کاندیدێکی دیکەش وەک یەدەگ پێشکەش بکەن لە پێناو هێشتنەوەی دەرچەیەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی".

بەوتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف "لە ساتەکانی کۆتایی هەردوو کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا ئێرانییەکان چوونەتەسەرهێڵ و ڕێگرییان کردووە کە یەکێتی کاندیدی یەدەگی هەبێت و سووربوون لەسەرئەوەی بەرهەم ساڵح تاکە کاندیدی ئەو حیزبە بێت، بەوەش یەکێتی کاندیدی یەدەگی پێشکەش نەکرد".

"تاکە ڕێگە لە بەردەم پارتی بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسە قبووڵکردنی بەرهەم ساڵحە" سەرچاوەکە وای وت.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار داخراو ململانێی تووندی پارتی و یەکێتی هاوشێوەی ٢٠١٨ دەستپێدەکات لەسەر ئەو پۆستە، پارتی بۆ ڕێبەر ئەحمەد و یەکێتی بۆ بەرهەم ساڵح.