ڕێككەوتنێكی حكومەت لەگەڵ پارتی و یەكێتی هۆی دواكەوتنی مووچەیە

20-02-2022 05:21

پەرەگراف

سستیی لە دابەشکردنی مووچەو نەبوونی پارەی پێویست لە بانکەکانی سلێمانی بەردەوامە، هێشتا بەشێک لە مووچەخۆری چەند وەزارەت و دامەزراوەیەک مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا هاوتاکانیان لە هەولێرو دهۆک مووچەیان پێ دراوە.

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بۆ پەرەگراف ئاشكرای دەكات كە كێشەی مووچە بەهۆی "ڕێككەوتنێكی نادروست"ی نێوان ئەنجوومەنی وەزیرانەوەیە لەگەڵ یەكێتی و پارتی. دەشڵێت "ئەگەر حكومەتی هەرێم كۆنترۆڵی داهاتی خۆی بكات، دەتوانێت زۆر بە ئاسانی مووچە دابین بكات".

ئەمڕۆ كە بڕیار بوو مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش بكرێت، جارێكی دیكە نەبوونی پارە لە بانكەكانی سلێمانی كێشەی دروست كرد.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی وت "دواكەوتنی مووچە پەیوەندیی بە نەهاتنی 200 ملیار دینارەكەی عێراقەوە نییە، ئەگەر حكومەتی هەرێم بتوانێت كۆنترۆڵی داهاتی خۆی بكات (داهاتی نەوت و گاز و ناوخۆ)، دەتوانێت زۆر بە باشی مووچە بدات".

سەبارەت بە كێشەی مووچە، شێركۆ جەودەت وتی "ڕێككەوتنێكی نادروست لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و یەكێتی و پارتیدا هەیە، بەوەی كە ئیدارەی سلێمانی لە داهاتی خۆی خەرجی و مووچە دابین بكات، هەولێریش بە هەمان شێوە، لێرەدا سلێمانی خەرجیی زیاترە لە داهاتی، بۆیە هەموو مانگێك تووشی كورتهێنان دەبێت".

بەپێی لێدوانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، بەشێكی دیكەی كێشەی دواكەوتنی مووچە ئەوەیە كە "بڕێك لە داهاتی ناوخۆ دیارنامێنێت و ڕادەستی وەزارەتی دارایی ناكرێت".

شێرکۆ جەودەت ڕوونی كردەوە كە، حكومەت مانگانە 350 ملیۆن دۆلار دەداتە وەزارەتی دارایی كە بۆ دابەشكردنی مووچە بەش ناكات، بۆیە ڕێككەوتن كراوە كە ئیدارەی سلێمانی لەسەدا 42ی داهاتی خۆی و ئیدارەی هەولێر-دهۆكیش لەسەدا 58ی داهاتی خۆی بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە دابین بكات.

سەبارەت بەو بەشەی دیكەی داهاتی ناوخۆ كە دەمێنێتەوە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "پارتی و یەكێتی بۆ خۆیانی هەڵدەگرن".

بەپێی خشتەیەكی داهاتی ناوخۆ كە ڕادەستی وەزارەتی دارایی كراوە، لە مانگی یەكی 2021 داهاتی ناوخۆی هەرێم 374 ملیار دینار بووە، كەچی لە مانگی یەكی 2022 بۆ 174 ملیار دینار كەمی كردووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان هیچ هۆكار و پاساوێكیان بۆ كەمكردن و دیارنەمانی ئەو بڕە زۆرەی داهات نەخستووەتە ڕوو.

"بە داخەوە وەزارەتی دارایی كە وەزیرەكەی گۆڕانە، ئەمە بۆ پارتی و یەكێتی دەپۆشێت، دەڵێت: لە داهاتی مانگی دوو مووچەی مانگی یەك دەدەم، لەبەر ئەوەی بەغدا 200 ملیار دینارەكەی نەناردووە! ناڵێت هۆكارەكەی ئەوەیە داهات دیار نامێنێت"، شێركۆ جەودەت وای وت.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش كرد كە كێشەی مووچە لە هەولێر و دهۆكیش هەیە، بەڵام ڕێژەكەی لە ئاستی سلێمانیدا نییە. نموونەی ئەوەیشی هێنایەوە كە دەمێكە مووچەی مانگی یەكی هێزەكانی ئاسایش لە هەولێر دابەش كراوە، بەڵام هەمان هێز لە سلێمانی هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە.

لە ئێستادا نرخی نەوت بۆ سەروو 90 دۆلار بەرز بووەتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم مانگانە بۆ مووچە هەر 350 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەدات بە وەزارەتی دارایی، ئەمە لە كاتێكدایە كە د. شێركۆ جەودەت دەڵێت "مانگی یەكی ئەمساڵ داهاتی نەوتی هەرێم لە سەروو 500 ملیۆن دۆلارەوە بووە".

بەپێی زانیارییەكانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، "قسەیەكیش هەیە هەتا نرخی نەوت ئاوا بەرز بێت، 200 ملیار دینارەكەش بوەستێت".

بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە، شێركۆ جەودەت پێی وایە دەبێت "داهات بە مەركەزی كۆبكرێتەوە و بۆ مووچە و پرۆژە دابەش بكرێتەوە، كە زۆر بوو، دەكرێت لامەركەزیەتیش جێبەجێ‌ بكرێت".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد كە "وەكو لیژنەی دارایی كاری خۆمان كردووە بۆ چارەسەری كێشەی مووچە، بەڵام حكومەت بێمنەتە بەرانبەر پەرلەمان و یاسایش".