پەرەگراف
بزووتنەوەی گۆڕان تەئكید دەكاتەوە تا ئەوكاتەی بزووتنەوەكەیان دەگاتە دوا بڕیاری سیاسی بۆ مانەوە لە حكومەت یان كشانەوە، تیمەكەیان لە حكومەتدا نوێنەرایەتی گۆڕان دەكات و ئەركی فەرمیی بەڕێوەدەبەن.
"هەر كاتێكیش بڕیاری كشانەوە لە حكومەت درا ئەوا تیمەكانمان پێوەی پابەند دەبن" ڕێكخەری ژووری حكومەتی گۆڕان لە ڕوونكردنەوەیەكدا وادەڵێت.
دەقی ڕوونكردنەوەكە
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 و دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكان لە بەشێك لە كۆڕ و كۆبونەوە حزبی و جەماوەرییەكاندا، و بە تایبەت لە سۆشیال میدیا و ناوەندە میدیاییەكاندا قسەو باسێكی زۆر لەسەر هۆكار و ئەنجامە چاوەڕوانكراو و نەكراوەكان كراو لەم چوار چێوەیەدا مەبەست و بێ مەبەست ڕووی قسە و ڕەخنەكان لە سەركردایەتی بزوتنەوەكە (خانەو جڤاتەكان) و تیمیەكانی حكومەت (هەرێم، خۆجێی)یە.
بێگومان چەندین هۆكاری بابەتی و خودی لە پشت ئەم ئەنجامە خراپەوە بوون، سەبارەت بە ئەندامانی بەڕێزی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتەكان وەك ئاشكرایە هەر زوو ئەندامانی خانە و بەڕێز ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە دەستیان لە كاركێشایەوە، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەوڵی دیاریكردن و هەڵبژاردنی دەستەیەكی كاتیدایە بۆ سەركردایەتی كردنی بزوتنەوەكە.
سەبارەت بە تیمەكانمان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان، جەخت لەوە دەكەینەوە كە تا ئەو كاتەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگاتە دوا بڕیاری سیاسی بۆ مانەوە لە حكومەتدا یان كشانەوە، هاوڕێیانمان لە حكومەتدا نوێنەرایەتی گۆڕان دەكەن و ئەركی فەرمی بەڕێوەدەبەن، هەر كاتێكیش بڕیاری كشانەوە لە حكومەت درا ئەوا تیمەكانمان پێوەی پابەند دەبن.
ڕێكخەری ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان
2/1/2022