كەمپینێك ڕاگەیەندرا دژی ڕێنماییەكانی وەزیری تەندروستیی دەربارەی كەرەنتین كردن

17-03-2020 09:15
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێم بە جلوبەرگی خۆپارێزیی لە كۆرۆنا/ دهۆك 17-3-2020


پەرەگراف

نووسراوێكی وەزیری تەندروستیی هەرێم كە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووەو تێیدا چەند ڕێنماییەكی بۆ كەرەنتینكردن خستووەتە ڕوو، ناڕەزایی چالاكانی مافی مرۆڤی لێ كەوتەوەو كەمپینێكیان لە دژی پێكهێنا‌و داوا دەكەن، جیاكاریی نەكرێت لە مامەڵەكردن و چارەسەركردنی نەخۆشانی تووشبوو بە كۆرۆناو ئەوانەی كەرەنتین دەكرێن.

نووسراوەكەی وەزارەتی تەندروستی كە واژۆی وەزیری لەسەرە، 5 ڕێنمایی خستووەتە ڕوو، لە خاڵێكدا دەڵێت، پلە تایبەتەكان هاوشێوەی دیبلۆماسییەكان دەكرێت لە ماڵەكانی خۆیاندا كەرەنتین بكرێن‌و چاودێریی بكرێن.

ڕێنماییەكی دیكە كە ناڕەزایی دروست كردووە، دەڵێت"دابینكردنی هۆتێلێكی پێنج ئەستێرە لەسەر ئەستۆی خۆیان بۆ ئەو كەسانەی كە بازرگانن ‌و خاوەن كارن یان كەسانی ناودارن بۆ كەرەنتین كردنیان ئارەزوومەندانە بۆ هەر كەسێك بیەوێت".

چالاكانی مافی مرۆڤ كەمپینێكیان لە دژی ئەو ڕێنماییانە پێكهێناوە، لە ڕاگەیەندراوێكی كەمپینەكەدا كە بۆ پەرەگراف نێردراوە، هاتووە"كاتێك كار و پارە دەبێتە پێوەرێكی تری جیاكاری، هەژارەكان و خەڵكی ئاسایی، قوربانیی یەكەمی ئەم جیاكارییە دڕندە و ترسناكەن" داواش لە پزیشكان بە یەكسانی مامەڵە لەگەڵ هەموواندا بكەن.

لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو كەسانەی لە دەرەوەی هەرێمەوە گەڕاونەتەوە بۆ ماوەی 2 هەفتە كەرەنتین كراون، ژمارەی ئەوانەی چوونەتە كەرەنتینەكان 4 هەزارو 265 كەس بوون لە 35 شوێنی جیاواز.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی(16-3) هەزەارو 784 كەس لە كەرەنتین ماونەتەوەو دوو هەزارو 481 كەسیش دەرچوون و گەڕاونەتەوە ناو خانەوادەكانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتەكە.

دەقی ڕاگەیەندراوی كەمپینەكە

كەمپەینی "یەكسانی لە مافی چارەسەری نەخۆش و مامەڵەدا"

كاتێك كار و پارە دەبێتە پێوەرێكی تری جیاكاری، هەژارەكان و خەڵكی ئاسایی، قوربانیی یەكەمی ئەم جیاكارییە دڕندە و ترسناكەن.

مافی دەستڕاگەیشتنی وەكیەك بە چارەسەر و مافی یەكسانیی مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشدا، بەپێی پەیماننامە و جاڕنامە گەردوونییەكان، یەكێكە لە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ و قابیلی دابەشكاری و جیاكاری نین.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، بە تەواوی دژایەتی خۆی بۆ هەر جیاكارییەك لە ژێر هەر بیانوویەكدا بێت، دەربڕیوە. هەروەك كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانیش، لە بەیانێكدا ئیدانەی هەر جیاكارییەك دەكات لە شێوازی مامەڵەكردن و چارەسەركردنی نەخۆشەكانی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆڤید - 19 دا.

كۆمەڵێك مرۆڤدۆست و شارەزای جیهانی داوایەكیان لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی كردووە، كۆمەكەكانی بۆ هەر وڵاتێك كە جیاكاری لە چارەسەری نەخۆشەكاندا دەكات و وەكویەك خزمەتگوزارییان پێشەكەش ناكات، ڕابگرێت.

ئەم هەوڵەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان (نووسراوی ژمارە 4459 لە 14/3/2020) لە هەرێمێكی پڕ لە قەیران و نادادی و نایەكسانی واسیتە و مەحسووبیەتدا، ئاماژەیەكی ترسناكە كە جیاكارییەكی بێشەرمانە لە نێوان پلەدار و هاووڵاتی ئاسایی، دەوڵەمەند یان بازرگان و خاوەنكار و هەژاردا دەكات. بێگومان لە داهاتوویشدا پەل دەهاوێت بۆ جیاكاری لە چارەسەر و نایەكسانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ تووشبووانی ڤایرۆسەكەدا و كارەساتی گەورەتر بە دوای خۆیدا دەهێنیت.

داوا لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەكەین كە لە ڕیزی پێشەوەی ڕوبەروبووبونەوەی كۆڤید-١٩ن نەكەونە ژێرفشاری بڕیارێكی وەهاو بە یەكسانی مامەڵە لەگەڵ هەموواندا بكەن.

سەرڕێخستنی میكانیزمێك كە هەمووان هەست بە یەكسانی بكەن لە وەرگرتنی چارەسەرو مامەڵەدا بۆ ئەوەی بە یەكسانی روبەرووی كۆڤید-١٩ ببینەوە.

‎ئێمە داوا لە خەڵكانی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و یەكسانیخواز دەكەین بەدەم ئەم داواكارییەوە بێن، ئەگەرنا ڕێگاچارەی دیكە دەگرینە بەر و كۆمەڵگای مرۆیی لە ئاستی جیهانییدا لەم كارەساتە ئاگادار دەكەینەوە و ئەم نامەیە هاوپێچ دەكەین و دەنێرین بۆ هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان

هاوڕێ ئەحمەد-ماستەر لە مافی مرۆڤ
یاسین ئافتاو - مامۆستای زانكۆ، ماستەر لە كۆمەڵناسی
سەركەوت جەلیل - ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی
پێشڕەو محمد - نوسەرو وەرگێر
هاوكار ڕشید - بەكالۆریۆس لە زانستە ڕامیاریەكان
هاوار نەسرەدین - ماستەر لە فەلسەفە

نووسراوەكەی وەزیری تەندروستیی